فوئاد حسێن سكالا لەسەر سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری داد تۆماردەكات
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داواكاری وەزیری دادی عێراق یاسایەكیان پەیوەست بە پاسەوانانی چاكسازی دەركرد, كە بە پێی یاسایكە پاسەوانانی چاكسازی دەرماڵەیان پێدەبەخشرێت لە بری خۆراك, فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق سكاڵا لەسەر سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری داد تۆماردەكات. دادگای باڵای فیدراڵیش سەرۆكوەزیران دەهێنێتە نێو دۆسییەكە.
ئیاس سامووك، گوتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی بە سەرۆكایەتی دادوەر مەدحەت مەحموود و سەرجەم ئەندامانی دادگاكە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە سكاڵای وەزیری دارایی لەسەر هەریەك لە سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری داد،كۆبووەوە.
گوتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی دەڵێت، سكاڵاكار (فوئاد حوسێن) جەختدەكاتەوە لەسەر “نادەستوورییبوونی بڕگەی دووەم و پێنجەمی مادەی 50ی یاسای چاكسازی زیندانیان و هەڵوەشانەوەی لێكەوتە كەڵەكەبووەكانی، لەوانە رێنماییەكانی تایبەت بە بەخشینی دەرماڵە لەبری خۆراك بە پاسەوانی چاكسازییەكان لە فەرمانگەی چاكسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2018”.
ئیاس سامووك دەڵێت، دادگا پێیوابوو ئەو یاسایەی كە تانەی لێدراوە لێكەوتەی دارایی هەیە، بۆیە پێویست بە وەرگرتنی گوتەی سەرۆكوەزیران هەیە لەبارەی رادەی ئەو گۆڕانكارییانەی كراون و كاریگەریشیان بەسەر ئەو بودجەیەی، كە لەلایەن حكومەتەوە پێشكەشی پەرلەمان كراوە. بۆیە بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی دۆسییەكە دادگا بڕیاریدا سەرۆكوەزیران بێتە نێو دۆسییەكە و بۆچوونی وەربگیرێت، لەو چوارچێوەیدا بۆ ئاگاداركردنەوەی سەرۆكوەزیران، دانیشتنەكەی دادگا بۆ رۆژی 6ی مانگی داهاتوو دواخراوە.