وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: کۆماری ئیسلامی لەبری لێقەوماوانی لافاو یارمەتی مادۆرۆ دەدات

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئێرانی بە پشتگوێخستنی خەڵکە لێقەوماوەکەی تۆمەتبار کرد و گوتی لە کاتیکدا سەدان هەزار کەس لە ئێران زیانیان بەرکەوتوە و چاوەڕوانی ئەوەن یەکێک بە هانایانەوە بچێت کەچی حکوومەتی ئێران پشتی تێکردوون و خەریکی ئەوەیە یارمەتی مادۆرۆ بدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەم قسانەی لە کۆبوونەوەیەکدا لە ویلایەتی تەکساس لە گەڵ کۆمەڵێک گرووپ و رێکخراوی ئێرانی کرد کە کەسوکاریان لە ئێرانن.

ئامانجی پۆمپیۆ ئەوە بووە دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی خستە نێو لیستی تیرۆر لە نزیکەوە بەشێک لەو ئێرانیانە بەسەر بکاتەوە کە لە ئەمەریکا دەژین و لە کاریگەرییەکانی ئەم هەنگاوە زیاتر ئاگادار بێت.

بەگوێرەی بی بی سی ئەو رەخنەی توندی لە بەرپرسانی ئێران گرتووە کە دۆلارەکانیان بۆ نیکۆلاس مادۆرۆ و سەرۆکی ڤەنزوێلا رەوانە دەکەن لە کاتێکدا خەڵکەکەی خۆی پێویستیییان بە یارمەتیییە.

پێویستە بگوترێت حکوومەتی ڤەنزوێلا تووشی تەنگژەیەکی قووڵی سیاسی و ئابووری بووە و چیتر ئەمەریکا بە فەرمی نایناسێت و پشتیوانی لە رێبەری ئۆپۆزسیۆن دەکات هاوکات هەر یەک لە ئێران و رووسیا و سووریا و چین هێشتا پشتیوانی لە مادۆرۆ دەکەن.

قسەکانی پۆمپیۆ جێگەی سەرنجی ئێرانییەکان بووە و خەڵکی ئێران پێشتریش یەکێک لەو گازندانەی لە حکوومەتیان گرتووە ئەوە بووە پارە و سەرمایەی وڵات بۆ سووریا و لبنان و وڵاتانی تر رەوانە دەکات لە کاتێکدا ناوخۆ بەدەستی هەژاریی، بێکاری، هەڵاوسان دەناڵێنێت.

 

Back to top button