فراکسیۆنی پارتی پەیامێك بەبۆنەی کیمیابارانکردنی بالیسان بڵاو دەکاتەوە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەیامێک بەبۆنەی رۆژی ژینگە و ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی بالیسان بڵاو دەکاتەوە.

لە پەیامەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 16-4-2019 بڵاوی کردووەتەوە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بە تاوانە دژەمرۆڤایەتییەکانی رژێمی بەعسی عێراق کردووە و هۆشداریی داوە، کە ئەگەر ”هەوڵی بونیاتنانی کوردستانـێکی بەهێز و یەکگرتوو نەدەین، ئەوا دەبێ چاوەڕێی هەموو تاوانێکی قێزەوەن و دژەمرۆڤایەتی لە دوژمنان و داگیرکەران بکەین“.

دەقی پەیامەکەی فراکسیۆنی پارتی:

پەیامی فراکسیۆنی پارتی

لە ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی

ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شارۆچکەی بالیسان، گوندی شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لەلایەن رژێمی بەعـسی عێراقی تێ دەپەڕێت.

رژێمی بەعس بە درێژایی حوکمی خۆی وەک داگیرکەرێک لە کوردستان، دەیان و سەدان تاوانی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دا، کە قێزەوەنترینیان کیمیابارانکردن، ئەنفال و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستانە.

کیمیابارانکردنی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی لە 16ـی نیسانی 1987، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 264 هاووڵاتیی مەدەنی و بریندربوونی 400 کەسی دیکە، بۆ هەموومان دەسەلمێنێت، کە ئەگەر هەوڵی بونیاتنانی کوردستانـێکی بەهێز و یەکگرتوو نەدەین، ئەوا دەبێ چاوەڕێی هەموو تاوانێکی قێزەوەن و دژەمرۆڤایەتی لە دوژمنان و داگیرکەران بکەین.

جێی دڵخۆشییە پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 16 / 4/ 2007 رۆژی 16ـی نیسان (ساڵوەگەڕی کیمیبارانکردنی بالیسان)ی وەک رۆژی ژینگەی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەو هیوایەی بە پاکڕاگرتنی ژینگە و چاندنی دار و درەخت، ڕێزی ئەو خاكەبگرین كە شەهیدانمان ڕۆحیان پێشكەشكرد.

جێی داخە ئەگەرچی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوه‌تی بەردەوام لانکەیەکی شۆڕش بوون و بوونەتە یەکەم قوربانیی چەکی کیمیایی بەعس، بەڵام حکوومەت و دەزگاکانی لە دۆڵی خۆشناوەتی، کەمترین خزمەتگوزارییان بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دابین کردووە.

هیوادارین حکوومەت ئاوڕێکی جددی لەو ناوچەیە بداتەوە، کە شایانی خەبات و قوربانیدانی خەڵکەکەی بێت.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

16/4/2019

Back to top button