وەزیری دارایی عێراق: هیچ کێشەیەک لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نییە
وەزیری دارایی حکوومەتی عێراقی فیدرال جەختی کردووەتەوە کە هیچ کێشەیەک لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەئارادا نییە و لەمبارەیەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی نیسانی ٢٠١٩، هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان و ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، هەر ئەمڕۆ پەیوەندی بە فواد حوسێن، وەزیری دارایی حکوومەتی عێراقەوە کردووە، لەبارەی نەهاتنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە.
پەرلەمانتارەکە ئاشکرای کردووە: ”وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی تەواوی داینێ کە هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە“.
لە وەڵامەکەدا فواد حوسێن ئاماژەی بەوە کردووە: ”هیچ کێشە و گرفتێک سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئارادا نییە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم لەسەر خەتین“.
هۆشیار عەبدوڵا هیوای خواستووە کە هیچ کەس و لایەنێک بەبێ بوونی زانیاریی تەواو، نەبێتە سەرچاوەی هەواڵێک کە لە کۆتاییدا هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نیگەران بکات.