پەرلەمانی ئێران سوپای ئەمریکای بە تیرۆریست ناساند
پەرلەمانتارانی كۆماری ئێران لەمیانی بەڕێوەچونی دانیشتنێكی كراوەدا ئەمڕۆ سێشەممە بە زۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسایەكیان دژ بە بڕیارەكەی ئەمریكا پەسەندكرد.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی میهر-ی ئێرانی، پرۆژە یاساكە 204 دەنگی بەرامبەر بە دو دەنگ بەدەستهێناوە و ئەندام پەرلەمانێكیش دەنگینەداوە، ناوەرۆكی پرۆژە یاساكە پلانێكی كاری گشتگیرە دژ بە بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكان كە لەماوەی رابردودا كە بە فەرمی سوپای پاسدارانی وڵاتەكەیانی بە تیرۆریست ناساند.
پرۆژە یاساكە پێكهاتوە لە 13 بڕگە و ئەوەش راگەیندراوە، دوای ئەوەی پرۆژەكە لە لایەن ئەنجومەنی گشتیەوە(ئەنجومەنی زۆرینە) پەسەنددەكرێت ناوەرۆكی ئەو پرۆژەیە تاوتوێدەكرێت.
هاوكات دوای كۆتاییهێنان بە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكە و پەسەندكردنی لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە كۆبونەوەكە دروشمی “مەرگ بۆ ئەمریكا”یان وتوەتەوە.
هەفتەی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی ناوبردو رایگەیاند، “هەرچەندە هەنگاوەکە سیمبولییە، بەڵام بێ وێنەیەو کاری بۆدەکەین”، لەبەرامبەریشدا کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەیەکی سەر بە سوپای ئەمریکای خستە لیستی تیرۆرەوە.
بەپێی نوسراوێکی یەکەی تۆماری فیدڕاڵی ئەمریکا دوێنێ دووشەممەش ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی رەسمی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی خستە لیستی تیرۆرەوە و وەک رێکخراوێکی بیانی تیرۆرستی ناساندی.