قەڵای ھەولێر نۆژەن دەكرێتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر گوتی، بڕیاری نۆژەنكردنەوەی قەڵای ھەولێر دراوە و چاوەڕێ دەكرێت حكوومەت بودجەی بۆ دابین بكات، بۆ ئەوەی دەست بە نۆژەنكردنەوەی بكرێت.

ھەمزە حامید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “بڕیارە قەڵای ھەولێر نۆژەن بكرێتەوە و لە ئێستادا لەسەر دابینكردنی بودجە وەستاوە تا حكوومەت بۆی دابین بكات، چونكە پڕۆژەیەكی گرنگە و پێویستە جێبەجێ بكرێت و فشارێكی زۆریش ھەیە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت و پارێزگاریش بە فەرمی داوای لە حكوومەت كردووە بودجە دابین بكرێت، چونكە نۆژەنكردنەوەكە چەند قۆناغێكی پێویستە، ئەمەش پارەیەكی زۆری دەوێ و حكوومەتیش بەپێی توانای دارایی پارەی بۆ دابین دەكات”.

حامید گوتیشی، ماستەرپلانی قەڵای ھەولێر دانراوە و لەگەڵ یونسكۆ رێككەوتن كراوە، كە بەقۆناغ جێبەجێ دەكرێت و ئەگەر جێبەجێ بكرێت قەڵاكە شتێكی نموونەیی دەبێت و هەروەها گرنگییەكی زۆری بۆ شاری ھەولێر دەبێت.

ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، لە ئێستادا حكوومەت چەند ملیۆن دۆلارێكی تەرخان كردووە، بۆ ئەوەی بەشێكی قەڵاكە نۆژەن بكرێتەوە و ئەمەریكاییەكانیش بڕیاریان داوە لەسەر ئەركی خۆیان حەمامەكە و چەند خانوویەك نۆژەن بكەنەوە، بۆیە قەڵاكە زۆر بە شێوەیەكی رێكوپێك نۆژەن دەكرێتەوە.

دەشڵێ، قەڵای ھەولێر یەكێكە لە شوێنە مێژووییەكان و پێش شەش ھەزار ساڵ ژیانی تێدا كراوە، كە ناساش ئەمەی پشتڕاست كردووەتەوە و دانی پێدا ناوە و ئەمەش گرنگیی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە.

Back to top button