ئینستاگرامی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران داخران
ئەمڕۆ سێشەم پەیجی ئینستاگرامی قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران داخرا و سەعاتێک دوای ئەمەش پەیجی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی تری سوپای پاسداران داخران.
جگە لە قاسم سلێمانی ئینستاگرامی هەر یەک لە محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، محەمەد خاکپوور فەرماندەی هێزی وشکایی سوپا، محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکان و موسا کەمالی لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و محەمەد عەلی قالیباف ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەدنییەکانی کۆماری ئیسلامی و لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران داخراوە.
هێشتا بە وردی دیار نییە هۆکاری داخرانی پەیجی ئینستاگرامی ئەو فەرماندانەی سوپا چین بەڵام لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سوپای پاسدارانی خستووەتە نێو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و لە دوێنێ دووشەمیشەوە بڕیارەکەی جێبەجێ کردووە.
بەگوێرەی “بی بی سی” پێشتریش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاشکرایی قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بە تیرۆریست ناوبردبوو.
پێویستە بگوترێت سوپای پاسدارانی ئێران راستەوخۆ لە ژێر فەرمانی عەلی خامەنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێراندایە و ئامانج لەم هەنگاوەی ئەمەریکاش ئەوەیە سەرجەم شادەمارە داراییەکانی سوپای پاسداران ببڕێت.
بە پێی بڕیارەکەی ئەمەریکا سەرجەم کۆمپانیاکان و هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە هەر جۆرە پێوەندی و هاوکارییەک لەگەڵ سوپای پاسداران قەدەغە کراون.
سوپای پاسداران دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی ئێران و بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی لە لایەن خومەینی دامەزرا. ئەرتەش کە سوپای فەرمی ئێران بوو پەراوێز خرا. سوپای پاسداران رۆڵی سەرەکی گیراوە لە پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکات رۆڵی سەرەکی بینیوە لە هەموو ئەو شەڕانەی بە فیتی ئێران لە ناوچەکە هاتوونەتە کایەوە