حەشدی شەعبی داوای چۆلكردنی گوندەكانی دەورووبەری كەركووك لە كوردنشینان دەكات
دوای ئەوەی كەركووك بە هۆی خیانەتی یەكێـی لە 16ـی ئۆكتۆبەر كەوتە دەستی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی جگە لەوەی پارێزگارێك بەسەر شارەكەدا سەپێندرا لە ئێستادا كەركوك و دەورووبەری لەژێر تەعریبكردنەوەیەكی چڕ بەڕێوەدەچێت, دەستكراوە بە كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری لە ناوچەكوردستانیەكان, ئەندامێكی لیستی برایەتیش دەڵێ، ئەوانەی زانیارییان كۆ كردووەتەوە داوای چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكانیشان كردووە.
جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاندووە: “ئەو ھێزانەی ئێستا لە كەركووكن، ماوەیەكە خەریكی كۆكردنەوەی زانیاریی ھەواڵگەرین لەسەر ناوچە كوردنشینەكانی كەركووك و دەوروبەری، ئەمەش پیلانێكی دیكەیە دژی كەركووك بەڕێوە دەچێت و كۆكردنەوەی زانیاریی ھەواڵگەری مەبەستی خۆی ھەیە.”
ئەندامەكەی لیستی برایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: “بە نھێنی سەردانی ناوچەی شوان و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری كەركووك و قەزا و ناحیەكان كراوە و تێیدا فۆڕمیان دابەش كردووە و پرسیاری ئەوەیان لە ھاووڵاتییان كردووە چەند سەر خێزانن و كێ سەردانی ئێوە دەكات و چەند زانیاریی ھەواڵگەری لەسەر ھاووڵات یان كۆ كراوەتەوە.”
جوان حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “ژمارەیەك لەو گوندانە توركمانن، ھەتا زانیاریی ئەوەمان پێ گەیشتووە ئەوانەی زانیاریی ھەواڵگرییان كۆ كردووەتەوە بە ژمارەیەك گوندنشینیان ڕاگەیاندووە پێویستە گوندەكانتان چۆڵ بكەن.”
هەروەها نەیشاردەوە ھێزی ئەمنی دەستی ھەیە لە كۆكردنەوەی زانیاریی ھەواڵگری لەسەر ھاووڵاتیانی كورد و دەشڵێت: “ئەو ھێزانە دەستیان ھەیە لەو پیلانە و پڕۆسەی داگیركاری و عەرەباندنی كەركووك بەردەوامە.”