توێژەرێكی ئیسلامی سیاسی: مەترسیەكی گەورەی كۆمەڵی ئیسلامی ئاشكرا دەكات
خواكوڕك
بە پێی خوێندنەوە جیاوازەكان بۆ لێدوانو مامەلە سیاسیەكانی بەر پرسانی كۆمەڵی ئیسلامی دژ بە حكومەتی هەرێم, مەترسی گەورە لەپشت لێدوانەكانی بەر پرسانی ئەو پارتە سیاسیە هەیە, دواهەمین لێدوانی توێژەرێكی ئیسلامیش ئاماژە بۆ مەترسیەكان دەكاتو دەڵیت:“ ئەگەری بەكارهێنانی چەك و ڕاگەیاندنی جیهاد لەلایەن عەلی باپیر لەدژی حكوومەت هەیە”
لە لێدوانێكیدا بۆ مالپەڕی (باسنیوز) سۆران سێوكانی، توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی ڕایگەیاندووە: “كۆمەڵی ئیسلامی مەترسیی گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و بیر لە بەكارهێنانی چەك دەكاتەوە, ئێستا ئەو حزبە لە دەسەڵاتدا نین، بۆیە “وەك مەڕ خۆیان نیشان دەدەن”، بەڵام هەر كاتێك بۆیان ڕێك بكەوێت، “چەك وەك دروشمی جیهاد بەكار دەهێنن”، بەلای ئەوانیشەوە دەسەڵات، یان حكوومەت ستەمكارە، ستەمكار نەك وەك ئەوەی كە مافی خەڵك دابین ناكات، بەڵكوو بەو مانایەی كە شەرعیەت جێبەجێ ناكات، ئەوانەشی دەیكەن ڕووپۆشن بۆ ئەو ڕاستییە.
ئەم توێژەرە دەشڵێت: “دژایەتیی گەندەڵی تەنیا ئامرازێكە بۆ ئەوەی بگەنە ئایدۆلۆژیای خۆیان و حكوومەت لە ڕێگای چەكەوە لابچێت و حكوومەتێكی ئیسلامی خەلافەتێك دابمەزرێنن، بەڵام ئەمان ئەم دروشمە بەكار دەهێنن تا خەڵك سەرقاڵ بكەن و بگەنە ئامانجی خۆیان”.
سێوكانەیی لە لێدوانەكەیدا ئاشكرای كرد: “باڵی سەربازیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان نەمردووە تا زیندوو بكرێتەوە، بۆیە دۆخە سیاسییەكەی كوردستان لەوە دەچێت ڕێگا بۆ ئەوە بكاتەوە كە كۆمەڵ مەكتەبی عەسكەری زیندوو بكاتەوە، چونكە ئێستا كپ كراوە و لە هەر ئەگەرێكدا بەكار دەهێنرێت ئەمە جگە لەوەی ئەگەر هەیە كۆمەڵ پاڵپشت بە هێزە دەرەكییەكان، مەترسی لەسەر كوردستان دروست بكات، ئەویش لە ئەگەرێكدا بیەوێت ئامانجەكانی سەر بگرێت و بۆ ئایندەی كوردستانیش باش نابێت، بۆیە هەموو ئەگەرێك لەبەردەم كۆمەڵدا كراوەیە، چونكە چەند هێزێك هەن وەك كۆمەڵی ئیسلامی بیر لەڕێگای بەكارهێنانی چەك دەكەنەوە، وەك كاردانەوە لەدژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان”.