بارزانی وەهای گووت
ڤینا ئاسۆ
پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی ڕوون و ئاشكرا بوو،دیاریش بوو ئاراستەی ئەو كەسانە بوو كە بۆ هەڕاجكردنی بەشێكی نشتیمان هوتافی وڵاتپارێزی و مرۆڤپارێزی دەڵێنەوە، ئەوان كەوا دەزانن وەك حەڤدەی شوبات سواری شەپۆلەكانی خواستی خەڵك ببنەوە ئەوجارەیان لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك جاش قەڵەمی دیكەی هاوردەی بن قاپوتە قودسیەكەی جەنەڕاڵ سلێمانیش هاتوونەتە هانایان بەڵام تووڕەی خەڵكی كوردستان و بەتایبەتیش سلێمانی و شارەزوور و گەرمیان و ڕاپەڕین ئەوجارە دەرفەتی ئەوەیان. پێنادات و وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان گووتی”تەنها هەڵپەڕین و جوێندان و تەشهیر بكەن”
پاڵەوانەكانی چەپڵەلێدان و دەبەهاوێژەكانی پەڕلەمانی كوردستان لە فۆڕمێكی نوێی خۆڕادەستكردنەوە ئەوجارەیان لە پەڕلەمانی عێراق سەرهەڵدەدەن و تەنزیڕات بۆ بە عێراقیكردنی گەلی كوردستان و خاپوركردنی خەون و ئامانجی بە دەوڵەت بوونی كوردستان تەنها لە پێناو تۆڵەكردنەوە لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی، ئەو كارەیان تەواو وەك ئەو دوو دێڕەیە كە لە پۆستێكی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كەوتە بەرچاوم كە نووسرا بوو:”هوتاف كێشانی مامۆستایانی سلێمانی بۆ مالیكی و عەبادی عەینەن وەك ئەوەیە لەگەڵ براكەت بەشەڕ بێی و لە ڕقان دایكت هەڕاج بكەی”
كەسانێك كە لەو ئاستە نزمەی پەروەردەكرن و خۆشویستن وڵاتدا بن بە دڵنیاییەوە گووتارەكەی بارزانیش لە قالبی لێكدانەوە هەرزەیی و خواستە نەخۆشەكانیان. دایدەڕێژنەوە بە شێوەیەك هێشتا چەند كەسێك لەسەر شەقام بهێڵنەوە بەشی گرتنی چەند وێنەیەك ئەوان لەسەر شان دابنێن بۆ ئەوەی بە پاڵەوانی فەیسبووك بمێنەوە.
ئەرێ تۆڵەكردنەوەی شكستە سیاسیەكان لە میللەت ڕەوایە؟ لەزەتی ئەو تۆڵەیە گریمان بتوانن بیكەنەوە،شایەنی ئەوەیە ئایندەی منداڵەكانمان لە پێناویدا بخەینە مەترسی؟!
بارزانی كە لە هەموو هاوكێشەكاندا هێزی سەرەكیە و نە هێزە نێودەوڵەتیەكان و نە هێزە هەرێمایەتیەكان بەوانەوەش كە نەیاری بارزانین ناتوانن لەو ناوچەیە كارێك بكەن بە زیانی هەرێمی كوردستان تەواو بێت،ئەوە بە ڕوونی لە پەیامەكەی بارزانیدا ڕەنگی دابۆوە بۆیە ئەوانەی دەیانەوێ جارێكی دیكە خەڵك بكەنەوە سووتەمەنی گەرمكردنەوەی خۆزگە ساردبووەكانیان كە ڕەنگە لە باشترین. حالەتدا بتوانن چەند كادیرێكی دیكەی پارتی لەناو بارەگاكانیان. بسووتێنن و بۆ چەند ڕۆژێكیش ببنەوە پاڵەوانی جوێندان. و گەرمكردنی مەجلیسی شاشەی تەلەفزیۆنە گووماناویەكان كە بەشێكی زۆری پارەی دزراوی میللەت لە ڕێگەیانەوە سپی دەكرێتەوە.