پێشمەرگە داوای %17 چەك لە وەزارەتی بەرگری عێراق دەكات
بە پێی دەستوری عێراق كورد لە %17ـی داهاتی عێراقی پێدەدرێت لە بودجەی ساڵانەو هەروەها پێشمەرگە دەبێت لە %17 ئەو كەلوپەلە لۆجستیانەی سوپای عێراق هەیەتی بە پێشمەرگە بدرێت, بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان داوای پشكی چەك و تەقەمەنیی خۆی لە سوپای عێراق دەكات و دەبێ بەپێی دەستووریش ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە
لیوا بابەكر فەقێ, بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە: “لەبارەی چەكەوە لێژنەیەكی تایبەت لە نێوان هەولێر و بەغدادا پێك هاتووە و لێژنەیەكی باڵا هەیە بۆ سەردانی حكوومەتی عێراق. دووشەممەی ڕابردوو كۆبوونەوەیەك كرا، كۆبوونەوەكانیش بۆ لێكگەیشتن لەسەر كۆی پرسەكان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن”.
لیوا بابەكر فەقێ گوتی: “وەزارەتی پێشمەرگە به پلەی یەكەم كاری لەسەر میزانییە و بودجە كرد و چەسپاندی، ئەوانی دیكەش قۆناغ بە قۆناغ كاریان لەسەر دەكرێت، چونكە پێشمەرگە بەشێكە لە چوارچێوەی دامەزراوەی ئەمنیی عێراق، ئەو ئیمتیازانەی بە سوپای عێراق دەدرێن، دەبێ پێشمەرگەش بگرێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو خیلاف و ڕێكنكەوتنەی بەغدا و هەولێر نەكراوە”.
لیوا بابەكر فەقێ ئەوەیشی خستە ڕوو، كە بۆ داهاتوو پێشمەرگە داوای پشكی چەك و تەقەمەنیی خۆی لە حكوومەتی عێراق دەكات و بەپێی دەستووری عێراق، پێشمەرگە دەبێ لە %17ی چەك و تەقەمەنی و بودجەی سوپای عێراقی پێ بدرێت. لیوا بابەكر فەقێ دەڵێت: “ئێمە داوای ئەو بەشەمان دەكەین”.