سەرۆکایەتی پەرلەمانی كوردستان سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/4/2019 دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی و پێکهاتەکان “ئاشووری، كلدانی، ئەرمەنی و سریانی سەردانی مەزاری نەمرانییان لە دەڤەری بارزان كرد.

ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر مەزاری نەمران لە پرێس کۆنفرانسێکدا بۆ میدیاکان گوتی: هاتووین لەسەر مەزاری بارزانیی نەمر و سەربەرز پەیمانی سۆز و وەفاداری بۆ ڕێبازی نەمران دووپات بكەینەوە و لەم بەشە پیرۆزەی خاكی كوردستانەوە دروود سڵاو بنێرین بۆ گیانی پاكی مستەفا بارزانی ڕێبەری شۆڕشی كوردستان و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەل و كاكە ئیدریسی هەمیشە لە یاد.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئەمڕۆ لێرە لەسەر گڵكۆی نەمران یادی هەموو ئەو ڕۆژانە دەیكەینەوە، كە بارزانیی نەمر نزیكەی نیو سەدە خەباتی بۆ ئازادیی گەلەكەمان كرد، بە ئامانجی دروستكردنی حوكمڕانییەكی ڕەشید لەسەر خاكی كورستان بۆ ئەوەی گەلی كوردستانیش وەكوو گەلانی دیكە خۆی حوكمی خۆی بكات و زامنی مافی تاكەكانی بكات.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: هەر بۆیە ئێمە وەك نوێنەرانی گەلی كوردستان بە هەموو ئایین و نەتەوەكان، لەسەر گۆڕی بارزانیی نەمر بەڵێن و پەیمان دووپات دەكەینەوە كەوا لە بە یاساكردنی مافی تاكەكانی گەلەكەمان بە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانیەوە درێغی نەکەین كە بە دەیان ساڵ خەباتیان بۆ ئەم ڕۆژەی ئێستا كردووە، پەیمان بێت شوێنكەوتووی ڕێگە و ڕێبازە مەزنەكەی بین، هەزاران دروود بۆ گیانی بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لە یاد و هەموو ئەو قارەمان خۆنەویستانەی كە ژیانی خۆیان بۆ ڕزگاری و خزمەتی گەلی كوردستان تەرخان كرد.

 

Back to top button