فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک:جەنەراڵ بارزانی حیسابی هەموو هێزە هەرێمیەكانی دەكرد لە كاتی شەڕی سارد، پرەنسیپی هاوسەنگی لە نێوان هێزەكانی جیهاندا جێبەجێ دەكرد

 

دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە باغۆز دوا خالی داعشی کۆنتڕۆلکرد فەرماندەی ئەو هێزە لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی لەگەل كەناڵی (ئەلحورە)ی ئەمریكی، گوتی ئەو دیدارە تەرخان دەكەم بۆ یادكردنەوەی سەركەوتن و هەڵوێستەكانی مستەفا بارزانیی ڕێبەری نەتەوەیی كورد.

لەم دیدارەدا كە رۆژی 1ی ئەم مانگە بڵاو كراوەتەوە، جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانی باس لە هەنگاوەكانی خەباتی مستەفا بارزانی وەكو ڕێبەری شۆڕشی كورد لە سەردەمێكی سەختدا دەكات، سەركەوتنە مێژووییەكانی و ناساندنی پرسی كورد بە جیهان لەلایەن ئەم ڕێبەرەوە دەگێڕێتەوە.

مەزڵوم كۆبانی كە سەركردەیەكی باڵی ڕۆژئاوای كوردستانی پەكەكەیە و فەرماندەیی شەڕی داعشی لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا دەكرد، باسی بەدەستهێنانی ڕێككەوتنامەی 11ی ئاداری 1974 لەلایەن بارزانییەوە دەكات، دواتریش چۆن ڕژێمی عێراق ناپاكی كرد و جێبەجێی نەكرد، لەو كاتەشدا ئەو وڵاتانەی كورد وەكو هاوپەیمانی خۆی تەماشای دەكردن، بێ هەڵوێست مانەوە.

سەركردەكەی رۆژئاوای كوردستان باسی ئەو قۆناخەش دەكات كە مستەفا بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بوون بە ژمارەیەكی ناسراو لە ناوچەكە و پێگەیەكی گرنگی بە دەست هێنا، لەمبارەوە دەڵێ جەنەراڵ بارزانی حیسابی هەموو هێزە هەرێمیەكانی دەكرد لە كاتی شەڕی سارد، پرەنسیپی هاوسەنگی لە نێوان هێزەكانی جیهاندا جێبەجێ دەكرد.

فەرماندە كۆبانی سەرلەبەری دیدارەكە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ رەخنە لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگرێت بەوەی وەك چۆن پێشتر مستەفا بارزانیی هاوپەیمانیان بەجێهێشت لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی لەشكركێشی وڵاتانی داگیركەری ناوچەكەدا، ئەوانیش چاوەڕوان دەكەن لەسەر دەستی ئەو هاوپەیمانانەدا ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس ببنەوە.

جێی باسە لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی باغۆز، لە ئاهەنگێكی گەورەی هێزەكانی هاوپەیماناندا، جەنەراڵ مەزڵوم لەلایەن فەرماندە سەربازییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دیبلۆماتكارانی رۆژئاوادا بە فەرمی سوپاس كرا و شایەدیان بۆ ئازایەتیەكەی دا لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا.

Back to top button