بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان
یاد سرێشمەیی
مێژووی كەونار و بێدەوڵەتی كوردستان پڕە لە بوونی ئەو كەسایەتی و حزب و گرووپە كوردیانەی زیاتر لە نەیارانی كورد وەك فاكتەری بە ئامانج نەگەیشتنی كوردستان دەبینرێن, ڕەنگە سەرچیخ نەچین كە لە یەكەم هەنگاو بە ئاراستەی سەربەخۆییەوە بگرە تا بە ئەمڕۆ دەگات پێمان وابێت هەركوردە زێدەتر دژ بەو خواستەی میللەتەكەی وەستاوەتەوە.
ئەگەر لە رووداوەكانی چەند ساڵەی رابردوو وەك مێژووی نزیك و هەنگاوی نزیكی بەسەربەخۆیی گەیشتنی كوردستان بڕوانین, روونە كە لە هەڵمەتی نەخێر بۆ سەربەخۆیی كوردستان تا دەگاتە خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر, بەرهەمی قوتابخانەیەكی دژ كورد بوونن, كە قوتابخانەكە لە لایەك گرنگی بە ماددیات و دەستكەوتی ماددی دەدات, لە لایەكی دیكە سیاسەت لەسەر بنەمای نەمانی ئەوەی دیكە دەكات, واتا بەرژەوەندیە باڵاكانی نەتەوە بەكار دەهێنێت بۆ بە پێوەمانەوەی حزب و ئەو ئایدۆلۆژیا كرچ و كاڵەی كە تەنها شێوەیك رووئیایی و بیركردنەوەی قبوولە.
هەڵبەت ئەم جۆرە ئایدۆلۆژیایە تەنها لە ژینگەیەكی فەوزەوی گەشەدەكات, لەكوێ بەركەوتنی سیاسی و بەیەكەوە هەڵنەكردن و نەسازان و لێكترازانی سیاسی هەبێت لەوێ دەتوانێت باشتر ئامانجە كورتبینانەكەی كە مانەوەی حزبە بپێكێت, بۆیە لە چەند ساڵی رابردوو شێوازێكی نوێ لە سەنگەر گرتن لە قەزیەیی كوردی لە رێگای ئیڕهابی فیكری لە سلێمانیەوە بەرەو شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان ئاراستەكرا, لە رێگای ئیڕهابی فیكری لەسەرتادا هەوڵی قولكردنەوەی ناكۆكیە كۆمەڵایەتیەكانی نێوان شارەكانی كوردستان و یان قەڵەمڕەوی حزبی دروست بكرێت, دواتر وردە وردە كاركرا لەسەر دروستكردنی نەوەیەكی خاڵی لە هەستی نەتەوەیی كە دونیایەك میدیا و نوسەر خرایە خزمەت ئەو ئایدۆلۆژیاییە.
ئیڕهابی فیكری سلێمانی راستە زۆر بە بەرنامەو تەدریجی كرا و لە واقعدا لەشكرێك لە هەستی دژە ناسنامەی كورد بوون و دژە دەوڵەتی كوردستانی بەرهەم هێنا كە ئەمڕۆ لە سۆشیاڵمیدیا چاكتر هەستی پێدەكین, ئەوا پرسی دەوڵەت سازی لە هزری نەوەی تازەی سلێمانی كە دەڵێم سلێمانی مەبەست لە سنوری دەسەڵاتی حزبەكانی سلێمانیە فڕەدا, وایكرد گاپێكی گەورە بكەوێتە نێوان حزبەكانی ئەوێ و كوردبوون, تاكەكانیان ناچاركرد یان دەبێت یەكێتی و نەوەی نوێ و گۆڕٍان بن یان دەبێت كورد بن, هەڵبەت لە دوونیایی ئیڕهابی فیكری كورد بوون واتا پارتی بوون و بارزانیزم.
ناگەڕێمەوە بۆ ئەو دروشمانەی لە خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان دەگوترا دەوڵەتمان ناوێت مووچەمان دەوێت, یان هەموو قەزیەیی نەتەوەیی كورد بە پێنج هەزار دەگۆڕمەوە لە كاتێكدا سەدان هەزار قوربانی لە پێناو ئەو قەزیەیە دراوە, رەنگە ئەوان ئیلهامیان لە و حزبانە وەرگرتبێت چۆن بڵێن و چی بڵێن, بەڵام ئەوەی مایەیی هەڵوەستە لەسەركردن و دڵتەنگیە, ئەوانەی لە ژێر كاریگەری ئیڕهابی فیكرین بەشێك لەو خەلكە قوربانیدەرەی سلێمانی تێدایە كە بۆ كوردستان قوربانیان داوە كەچی بێئاگان لەوەی بەكاردەهێنرێن و خراونەتە خزمەت ئایدۆلۆژیایەك كە تەنها گرووپێكی نێو حزب لێیدەخۆن.
لەهەموو ئەمانە كارەساتبارتر لە ئێستادا بەرهەمی تازەی ئیڕهابی فیكری وا راهێندراون كە ناسنامەی كوردبوونیان رەتبكەنەوە, لە هەر كوێیەكدا پرسی سەربەخۆیی كوردستان هاتە باس ئەوان بێ سڵ لێكردنەوە دژە كاردانەوەیان هەبێت، سەربەخۆی وەک مەترسیەکی گەورە وێنابکرێت بە تایبەت لە سۆشیاڵمیدا, بۆ هەموو خوێنەرانی ئەم بابەتەم پێشنیار دەكەم تاقیبكەنەوە, لە سۆشیالمیدا بنوسە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان) سەدان دەنگی نەیاری سەربەخۆیت بە ئەدەبیاتێكی ناشرین لە هەمبەرت دەوەستنەوە, دوونیایەك موبەریری لاوازی لە قالبدراوی خزمەتكار بە حزبت بۆ دەهێننەوە, یان سەرنج بدەنە کۆمێنتەکانی ئەو بابەتە بزانن چ ئەدەبیاتێکی ناشرین لە کۆمێنتەکان هەیە، بۆیە لە پێناو تێكشكاندنی ئەو تێگەیشتنە كوردبینانەیە پێویستە هەمیشە خواستە نەتەوەییەكەمان لەبەرزی بهێڵینەوەو بە بەردەوامی بیانخەینە بەر دییەیان كە كورد بوون لە شانازیە باڵاكانمانە, هەمیشە لە پێناو خواست و ئامانجە بەرزەكەمان تێدەكۆشین و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەكەین ئەگەر بە تەنها دەنگێك بین، با هەزار جنێومان پێبدرێت.