كۆمەڵ تەقەی تێكەوت
سێ ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسڵامی، ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردووتەو و تێدا وازھێنانی خۆیان لە كۆمەڵی ئیسڵامی ڕادەگەیەنن.
ڕاگەیەندراوەكە بەناوی (سەلیم كۆیی / ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی ناوەندی پەیوەندیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و سەعید هەركی / ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر و ئیسماعیل رەسول / ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی هەولێر) بڵاوكراوەتەوە تێدا ھاتووە:لەسۆنگەی بڕوا بوونمان بەوەی حیزب دەبێ ئامرازێك بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجگەلێك كە لەسایەیدا دادپەروەری و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دەستەبەربكات و هەلی یەكسان بڕەخسێنێ بۆ دەرخستنی تواناو كارامەیی و لێهاتوویەكانی كادیران و ئەندامەكانی لەپێناو خزمەتكردنی باشتر و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەورەتربۆ گەل و وڵاتەكەی، بەڵام ئەوكاتەی حیزب خۆی ببێت بەئامانج و سەرچاوەی بژێوی بۆ كەسانێكی دیاری كراو و نەتوانێت لەخودی خۆیدا دادپەروەری بەرقەرار بكات پێویستە سەركردایەتی و كادیران و ئەندامەكانی هەموو هەوڵ و تەقەلاكانیان بخەنەگەڕ بۆ چاكسازی و ڕاستەڕێ كردنی، ئەگەرنا لانی كەم هەڵوێست وەربگرن.
ئاماژە بەوەشدراوە كە، دوای ئەوەی بەشێكی زۆری تەمەنمان بەدڵسۆزانەو لێنەبرِاوانە لە رابوونی ئیسلامی بەسەربردوە ولەخزمەتی بانگەوازی ئیسلامی بووینە لە ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامی وپێشتریش لە چوار چێوەی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئێمەی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كە ناو وپۆست و واژۆمان لەخوارەوە هاتووە، ئەمرِۆ رۆژی هەینی 19/4/2019 رایدەگەیەنین كە واز لە گشت پۆستەكانمان دەهێنین ودەست لەكاردەكێشینەوە لە ئەندامێتی ئەو حزبە. ئەم برِیارەشەمان بە كورتی دەگەرِێنینەوە بۆ ئەو هۆكارانەوەی خوارەوە:
یەكەم: نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر بەجۆرێك خزمەتی گشت چین وتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێ جیاكاری لە نێوان تاكەكانی.
دووەم: جێبەجێنەكردنی ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حیزب. بنەماكانی دادگەری، ویەكسانی وشورا وراوێژ تەنها بونەتە دروشم و لە هەڵسوكەوتی ناو حزب بەدیناكرێن وپێچەوانەكەشی جێبەجێ دەكرێن لە قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گروپ وباڵێكی ناوكۆمەڵی ئیسلامی ودەركردنی چەندین برِیاری نادادوەرانە بەسەر كادیر وئەندامانی ناو حزب.
سێیەم: پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی وئابوری ودیپلۆماسی وجەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەسترۆیشتوانی ئەنجومەنی بانگەواز وبەرِێوەبردن. تەنانەت زۆر جار كێشەو گرفتی گەورە دروستكراوە بۆ مەڵبەند وئەنجومەنەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گروپە.
چوارەم: نەبوونی ستراتیژ وپلانی سیاسی تۆكمە لەلایەن حزبەوە. ئەم نەبونی پلانەش بۆتە هۆكاری نارونی لە سیاسەتی حزبدا؛ هەر بۆیە تا ئێستاش خەڵكی كوردستان بەرچاوی رۆشننیە ئایا كۆمەڵ حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یاخود بەشدارە لە حكومەت؟!
ئێمە لەگەڵ ئەوەی دووپاتی دەكەینەوە كە لەم بەروارەی سەرەوە هیچ پەیوەندیەكمان نەماوە بە كۆمەڵی ئیسلامی، داوا لە بەرِێز ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكەین هەوڵی راستەقینە بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو حزبەكەی وئێمەش بەڵێن دەدەین لەدەرەوەی ئەو حزبە هاوكاری دڵسۆزیان بین بۆ پرۆسەی چاكسازی ریشەیی لە كۆمەڵی ئیسلامی وهەر پرِۆژەیەكی ئیسلامی تر.
لە كۆتاییدا دەست لەكاركێشانەوەمان لەو حزبە مانای دەستبەرداربونمان ناگەیەنێ لە پرۆژە ئیسلامی وچاكسازیەكان، بەڵكو دەبێتە سەرەتای دەستپێكی قۆناغێكی نوێی بانگەوازی ئیسلامی وپرۆسەی چاكسازی سیاسی ریشەیی لەهەرێمی كوردستان. خوای گەورە پشتوپەنامان بێت بۆ دین وژینی هەمووان.