شاندێكی كوردستان بەشداریی كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی دراوسێ دەكات
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتی، ئەمڕۆ لە بەغدا كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی دراوسێ بۆ بووژانەوە و سەقامگیریی دوای شەڕی داعش ساز دەكرێت و ھەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه: “ئەمڕۆ لە شاری بەغدا كۆنگرەیەك بە ناوی لوتكەی وڵاتانی دراوسێ دەبەسترێت، كە شەش وڵات بەشداری تێدا دەكەن، لەوانە سەرۆكی پهرلهمانی وڵاتانی سووریا و سعوودیا و كوێت و ئوردن و نوێنەری سەرۆكی پهرلهمانی ئێران و سەرۆكی وڵاتی توركیا، كە پەرلەمانی كوردستانیش میوانداری كراوە و شاندێكی پەرلەمان بەشدار دەبێت و ئێمەش وەكو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بەشداری دەكەین”.
سەبری گوتیشی: “مەبەست لەو كۆنگرەیە، بووژانەوە و سەقامگیرییە لە دوای شەڕی داعش و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی رزگار كراون، كە ئەو كۆنگرەیە رۆژێك دەخایەنێت”.
هەر لەو بارەیەوە، دكتۆر رێبوار بابكەیی، كە ئەندامی شاندەكەی پەرلەمانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “لە كۆنگرەكەدا بابەتێكی سەرەكی دەخرێتە ڕوو، كە بریتییە لە ئۆقرەیی سیاسیی و گەشەسەندن، كە لە مێژووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بۆ یەكەم جارە ئەو كۆنگرەیە بەم شێوەیە دەبەسترێت و شاندێكی پەرلەمانی كوردستانیش بەشداری تێدا دەكات”.