هەولێر.. كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەبارەی لێبووردەیی و پێكەوەژیانهوه ساز دەكرێ
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەڵێ، بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەبارەی لێبووردەیی و پێكەوەژیان لە هەولێر بەڕێوە بچێت.
خالید جەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگهیاندووه: “هەفتەی ڕابردوو لەسەر بانگهێشتی بەرپرسان و كەسایەتییە سیاسییەكانی ئەمەریكا، لەگەڵ (د. پشتیوان سادق) سەردانی واشنتۆنمان كرد و لەوێ چاومان بە بەرپرسانی باڵا و ژمارەیەك لە كۆنگرێسمان و سیناتۆرەكانی ئەمەریكا كەوت، كە ئاگاداری ڕەوشی ناوچەكە و هەرێمی كوردستانن”.
جەمال گوتیشی: “هەر لەو سەردانەدا لەگەڵ نووسینگەی (مایك پێنس)، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە رێگای دوو راوێژكاری گەورەی خۆی كۆ بووینەوە، كە زۆر بە جیددی گوێیان لە كێشە و گرفت و داواكارییەكانی جەنابی وەزیر گرت و، تێیدا باس لە گۆڕانكارییەكانی بەرنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و كتێبە ئایینییەكان كرا و هەروەها ئەو گۆڕانكارییانەی لەسەر پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان ڕوویان داوە، لەگەڵ كاریگەریی میلیشیاكان لەسەر پێكهاتەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچەكانیان باسی لێوە كرا، ئەوانیش لای خۆیانەوە دەستخۆشییان لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی لەبارەی پێكەوەژیانەوە روویان داوە و پێشوازیكردنی ئەو هەموو ئاوارەیە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەروەها دووپاتیان كردەوە كە دەست لە هاریكاریكردنی هەرێمی كوردستان هەڵناگرن و یارمەتیدەر دەبن”.
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان دەشڵێ: “لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و چەند سیناتۆرێكەوە، پێشنیازی ئەوە كرا كە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەبارەی لێبووردەیی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان ببەسترێت و بەرنامەیەكی چڕ دابنرێت لەسەر پێكەوەژیان و كاری لەسەر بكرێت، بۆیە بڕیار درا ئە م كۆنفرانسە لە ئێستاوە ئامادەكاری بۆ بكرێت و پێش كۆتایی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوە بچێت”.