حكوومەتی عێراق بڕیارێك لە بارەی گەنمی جووتیاران دەدات
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری قەدەغەكردنی گواستنەوەی گەنمی لەنێوان شارەكانی عێراق راگەیاند، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر جووتیاران رەخنەی زۆریان لە هێنانەژوورەوەی گەنم لەلایەن بازرگانان دەگرت. سەرۆك وەزیران دەڵێ، ئامانج لە بڕیارەكە رێگریكردنە لە هێنانی گەنمی هاوردە لە كاتی دروێنەی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەكی شانەی راگەیاندنی تەناهی بێت، عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی وەزیرانی عێراق بڕیاری گواستنەوەی گەنمی لەنێوان شارەكانی عێراق راگەیاند، عەبدولمەهدی وەك سەركردەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، بڕیاری بە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و دەستەی دەروازە سنوورییەكان و سەركردایەتی هێزەكانی پاسەوانی سنوور و دامەزراوە تەناهییەكان و هەموو بازگەكانی ناوەوە و دەرەوەی نێوان شارەكان داوە كە رێگە بە گواستنەوەی گەنم لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر نەدەن.
عەبدولمەهدی لە بڕیارەكەیدا تەنیا بارهەڵگرانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و ئەوانەی هاوشانی ئەوانن داوە كە گەنم لە دەروازەی ئوم قەسر لە بەسڕە و نێوان شارەكانیش بگوازنەوە، ئەویش بە بەڵگەنامەی فەرمی سەر بە وەزارەتی بازرگانی.
سەرۆك وەزیران لە بڕیارەكەیدا روونی دەكاتەوە، ئامانج لە درەكردنی ئەو بڕیارە رێگریكردنە لە دزەپێكردنی گەنمی هاوردە لە وڵاتانی دراوسێ یان لەنێوان پارێزگاكان.
بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران هاودەمی دروێنەی گەنم و جۆیە كە ساڵانە جووتیاران بە گشتی رەخنەی ئەوە دەگرن بازرگانانی گەنم و هەندێك لە بەرپرسانیش بازرگانی بە گەنم دەكەن و لە رێگەی پێدانی بەرتیل بڕێكی زۆر گەنم دەبەنە سایلۆكان، ئەمەش زیانی لە جووتیاران دەدات و لە پشكی ئەوان كەم دەكاتەوە.