توێژینەوەیەك: خواردنەوەی مادە كهولییەكان ئەگەرەكانی جەڵتەی دڵ زیاد دەكات
توێژینەوەیەكی چینی، بەریتانی ئاشكرایدەكات، خواردنەوەی ماددە كهولییەكان ئەگەر بە بڕێكی كەمیشبێت مەترسی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و توشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەكات، ئەوەش توێژینەوەكانی پێشتر ڕەتدەكاتەوە كە دەوترا خواردنەوەی بڕێكی كەم لە ماددە كهولییەكان سوودی بۆ تەندروستی هەیە.
لە توێژینەوەیەكی هاوبەشی زانكۆی ئۆكسفۆرد و زانكۆی پەكین و ئەكادیمیای چینی بۆ زانستەكانی پزیشكییەوە، هاتووە، ٥٠ هەزار كەس لە چین بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە توێژینەوەكەدا وەكو نموونە بەكارهێنراون.
توێژەران گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامانە، خواردنەوەی یەك بۆ دوو پەرداخ لە خواردنەوە كهولییەكان لە ڕۆژێكدا مەترسی توشبوون بە جەڵتەی دڵ لە ١٠بۆ ١٥% زیاد دەكات.
بەپێی توێژینەوەكە، خواردنەوەی چوار پەرداخ لە خواردنەوە كهولییەكان مەترسی توشبوون بە جەڵتەی دڵ لە ٣٥% زیاد دەكات.
ئەو توێژینەوەیە، یەك پەرداخی خواردنەوە كهولییەكانی بە یەك پەرداخ شەراب یان یەك بوتڵ بیرە یاخود ٢٥ میلیلیتر لە ئارەق، دیاریكردووە.
ئەو توێژینەوەیە ئەنجامی توێژینەوەكانی پێشتری ڕەتكردووەتەوە كە دەوترا خواردنەوەی كەم لەمادە كهولییەكان، پارێزگاری لە دڵ دەكات و مەترسی توشبوون بە جەڵتەی دڵ كەمدەكاتەوە، و دەڵێت هیچ بەڵگەیەك بۆ ئەوە نەدۆزراوەتەوە.