یوڤێنتوس بووە پاڵەوانی ئیتاڵیا

یانەی یوڤێنتوس لە یانەی فیۆرێنتینای بردەوە و نازناوی خولی ئیتاڵیای یەکلاییکردەوە.

لە گەڕی 33ـی خولی ئیتاڵیا یوڤێنتوس پێشوازی لە یانەی فیۆرێنتینا کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لێبردەوە.

دوای تێپەڕینی تەنیا شەش خولەک بەسەر یارییەکەدا نیکۆلا میلینکۆڤیچ گۆڵی یەکەمی بۆ ڤیۆلا تۆمارکرد، هەر لەم گێمەدا و لە خولەکی 37 ئالێکس ساندرۆ گۆڵی یەکسانی بۆ یوڤێ تۆمارکرد.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 53 جێرمان پێزێلا بە هەڵە گۆڵی دووەمی بۆ یوڤێ لە تۆڕی فیۆرێنتینا تۆمارکرد و سێ خاڵی پاڵەوانبوونی بە خانمە پیرەکە بەخشی.

بەم بردنەوەیە خاڵەکانی یوڤێنتوس بووە 87 خاڵ و پاڵەوانبوونی مسۆگەر کرد پێشکۆتاییهاتنی خولەکە بە 5 گەڕ، فیۆرێنتیناش لە پلەی دەیەمە و 40 خاڵی هەیە.

Back to top button