ژیرترین گەلی مێژوو
ئەگەر (هۆڵەند)ـییەكان گوڵ و پەنیر بدەنە دونیا و (ئۆسترالیا)ـییەكانیش گۆشت و پەشمی مەڕ،
(ئێران)ـییەكان فەڕش و مافوور بەرهەم بهێنن، (عەرەب)ـەكانیش نەوت بدەنە جیهان، (بەڕازیل)ـیش قاوە و شەكر و فووتبۆڵ، ئەگەر هەر نەتەوەیەك، هەر جیۆگرافیایەك دەوڵەت بێت و خاوەن سەروەری بێت و بە جۆرێك بەشدار بێت لە كاروانی مرۆڤایەتی، ئەی ئەركی (كورد)ـەكان چیە.
نازاندرێ بە وردی كوردەكان چ ئەركیان بۆ مرۆڤایەتی دەبێ بەڵام ئەوە ڕوونە كە ئەوەی لەسەر شانی كوردە لەسەر شانی هەر گەلێكی تر با زوو دەتوایەوە.
ئێستا كورد دەبێ پارێزگاری لە ناسنامەی بكات. دەبێ تەحەمولی داگیركاری و دراوسێی ڕەزاقورس و شۆڤینی بكات. دەبێ بەڕووی تیرۆردا بێتەوە. دەبێ زمانی خۆی بپارێزێ و عەرەبی و فارسی و توركی و لانیكەم ئینگلیزییش فێر ببێ. دەبێ لەگەڵ دڕندەترین ڕژێمەكانی سەردەم هەڵ بكات. دەبێ وریای ئاڵۆزترین دەزگە هەواڵگرییەكانی ناوچەكە بێت. لە هەمان كاتدا دەبێ خۆی بژیێنێ، دەوڵەمەند بێ، چەك بە نهێنی بكڕێ. دەبێ هەوڵ بدات لە پێشكەوتن و فێر بوونی تەكنەلۆژیایش دانەبڕێ. دەبێ وڵات بێ و وڵات نەبێ، نەتەوە بێ و نەتەوە نەبێ. دەبێ بەرگەی ئەو گوشار و ئازارانەش بگرێ كە لە ئەنجامی ناكۆكی و دووبەرەكی و ناوچەگەری و جاشایەتی دێنە كایەوە.
دەبێ هەمیشە بیرێكی لای سەربەخۆیی و سەروەری بێت و لە یادی نەكات و كاری بۆ بكات. دەبێ لانكەی پێكەوەژیان بێت و بەهەشتی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بێت. نابێ توندڕۆ بێت و باوەشیش بۆ تیرۆر نەكاتەوە. نابێ زوڵم و داگیركاری و تەعریب و تەفریس و تەتریك قبووڵ بكات..
دەبێ. دەبێ. دەبێ…
جا خۆتان قەزاوەت بكەن لە سەدەی بیستویەكدا كام نەتەوە لە سەرانسەری جیهاندا بەقەدەر كورد ئەرك و باری لەسەر شانە؟
لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر كوردەكان لەو ڕێگە دژوار و پڕ لە كۆسپە بە سەركەوتوویی گوزەر بكەن بە دڵنیاییەوە دەبنە ژیرترین و بەهێزترین گەلی ناو مێژوو.