ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكانی دەركرد

سەرۆكی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان لە ھەرێمی كوردستان گوتی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكانی دەركردووە، بۆ ئەم مەبەستەش ھێزێك پێك هێندراوە و بە زووترین كات دەست بە لابردنیان دەكرێت.
د. سامی جەلال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه‌: “دوای تەواوبوونی مۆڵەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان، ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی داوە دەست بە داخستنی پاڵاوگەكان بكرێت و نووسراویشی بۆ وەزارەتی دارایی كردووە، بۆ ئەوەی بودجەیان بۆ دابین بكەن و پێداویستیی پێ بكڕن بۆ داخستن و ھەڵگرتنی پاڵاوگەكان و ئێستاش چاوەڕێی دابینكردنی پارەكە دەكەین”.
سەرۆكی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان گوتیشی: “ئێمە ھێزێكمان دروست كردووە بۆ ھەڵگرتنی ئەو پاڵاوگانە و شارەوانییش سێ پارچە زەویی بۆ دابین كردووین، بۆ ئەوەی كەلوپەلەكانی لێ كۆ بكەینەوە و بە زووترین كات دەست بە ھەڵگرتنیان دەكەین، چونكە ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە”.
جەلال باسی لەوەش كرد، تەنیا داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بەس نییە، بەڵكوو پێویستە لاببرێن، كە ژمارەیان ١٦٩ پاڵاوگەیە.
Back to top button