راپۆرتێكی ئەمریكی: داعش لە عێراق كوتایی نەھاتووە

په‌یمانگای ئه‌مه‌ریكی بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ جه‌نگ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوی داعش كۆتاییان نه‌هاتووه‌، بگره‌ دوای تێكشكانییان له‌ دوایین پێگه‌ی خۆیان له‌ سووریا، هه‌ڕه‌شه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ زیاتر بوونه‌.

راپۆرتی په‌یمانگا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌، په‌لاماره‌كانی ئه‌مدواییه‌ی رێكخراوه‌كه‌ وه‌كو به‌ڵگه‌ ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ له‌ چوار ناوچه‌ی جیاوازی عێراق و سووریا ئه‌نجامیداوه‌.

توێژینه‌وه‌ پشت به‌ داتا تۆماركراوه‌كان به‌ستووه‌ له‌ باره‌ی هێرشه‌كانی داعش له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی وه‌كو ره‌ققه‌ی سووریا و مووسڵی عێراق، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ناوچه‌ی باكووری سووریا.

توێژینه‌وه‌كه‌ پێیوایه‌، راگه‌یاندنی ئه‌مه‌ریكا له‌ باره‌ی كۆتاییهاتنی داعش له‌ سووریا، له‌ ئادار/ مارسی رابردوو، په‌له‌پرووزه‌ی پێوه‌دیاربوو، له‌كاتێكدا بوو كه‌ هێشتا هێرشه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، به‌تایبه‌تیش دوای 48 كاتژمێر له‌ راگه‌یاندنی كۆتایی هاتنی داعش، كه‌ نزیكه‌ی 35 سه‌ربازی رژێمی سووریا و چه‌كداره‌ نزیكه‌كانی، له‌ هێرشه‌كانی داعش كوژراون.

توێژینه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ داڕووخانی رێكخراوه‌كه‌ ده‌كات له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی له‌ رۆژهه‌ڵاتی سووریا، به‌ڵام هێشتا له‌ بادیه‌ی ئه‌و وڵاته‌ تا ده‌وروبه‌ری رۆژهه‌ڵاتی حومس تا ده‌گاته‌ نزیك سنووره‌كانی عێراق ماون.

به‌ گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه‌، ئێستا كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌، خۆی له‌ رفاندنی هاووڵاتییان، دانانه‌وه‌ی بۆمبی چێنراو و به‌ ئامانجگرتنی كاروانی سه‌ربازی هێزه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سووریا و عێراق ده‌بینێته‌وه‌.

توێژینه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، له‌ ماوه‌ی مانگی رابردوودا، ئه‌و خێزانانه‌ی داعش خۆیان راده‌ستی هێزه‌كان كردووه‌ له‌ سووریا، له‌ناو كامپه‌كان ئاژاوه‌یان ناوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیان هه‌ڵاتوون و ژماره‌یه‌ك پاسه‌وانی كامپه‌كانیش كوژراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا له‌ناو كامپه‌كان خه‌ریكن چه‌كدار بۆ رێكخراوه‌كه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌.

Back to top button