“مانگی داھاتوو سەرۆكی ھەرێم ھەڵدەبژێردرێت و حكوومەتیش رادەگەیەندرێت”
سەرۆكی فڕاكسیۆنی گەشەپێدانی توركمانی دەڵێ، لە مانگی رەمەزاندا كابینەی نوێ دەستبەكار دەبێت.
محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی فڕاكسیۆنی گەشەپێدانی توركمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: “پارتی وەك براوەی ھەڵبژاردنەكان لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان گەیشتووەتە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پرسە گشتییەكان، واتا راگەیاندنی كابینەی حكوومەتی ھەرێم یەكلا بووەتەوە، بەڵام ئەوەی بووەتە ئاستەنگ، پرسی جێگری دووەمی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانە، ئەوەش یەك خاڵە و دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی چارەسەر بكرێت، پێم وایە لە هەفتەی داھاتوودا ئەو بابەتەش یەكلا بكرێتەوە”.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی گەشەپێدانی توركمان گوتیشی: “لە داھاتوویەكی زۆر نزیكدا پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان دەدات، واتا كێشەی سیاسی نەماوە لە بەردەمماندا، ئەوەی ھەیە كێشەی تەكنیكییە و چاوەڕێی ئەوەین رۆژێك بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بكرێت تا پڕۆژەكە پەسەند بكرێت”.
سەعدەدین دەشڵێ: “دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان، لە ماوەی ١٣ رۆژدا سەرۆكی ھەرێم ھەڵدەژێردرێت و دواتر كابینەی حكوومەت پێك دێت، بە بڕوای من ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم و راگەیاندنی كابینەی حكوومەت، یەك مانگی پێویستە و پێشبینی دەكرێت لە مانگی رەمەزاندا ھەموو پرسەكان یەكلا بكرێنەوە و حكوومەتی نوێ لە رەمەزاندا دەنگی لەسەر دەدرێت”.