ھەورامی: كاری لە پێشینەی پەرلەمان دوای پێكھاتنی حكومەت، نووسینەوەی دەستوورە

له‌راگه‌یاندراوێكدا راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/4/21، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی كاكه‌ییه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئیبراهیم مسته‌فا و یاوه‌ریى نوێنه‌رانی كاكه‌ییه‌كانی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

راشیده‌گه‌یه‌نن ، له‌ دیدارێكدا شاندی میوان به‌ناوی سه‌رجه‌م كاكه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ گه‌یاندنی چه‌ند داواكارییه‌كی په‌یوه‌ست به‌ كاكه‌ییه‌كان له‌رووی ئاین و پرسه‌ كارگێڕییه‌كان له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داوایان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ له‌چوارچێوه‌ی یاساو ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌رك و مافى كاكه‌ییه‌كان وه‌ك سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو بگیرێت، هه‌روه‌ها یاداشتێكی چه‌ند خاڵییان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌و داواكارییه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.

راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هێمن هه‌ورامی به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ یاداشته‌كه‌ی لێوه‌رگرتن و به‌ڵێنی پێدان كه‌ به‌دواداچوون بۆ سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانیان ده‌كات و دوای دیراسه‌كردنیان به‌پێی توانا هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان بدرێت و رایگه‌یاند: “كارى له‌ پێشینه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستانه‌و هه‌موو هه‌وڵێكیشمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ كه‌ ماف و ئازادییه‌كانى مرۆڤ و مافه‌كانى سه‌رجه‌م پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی و رێككه‌وتنی گشت لایه‌ك، له‌و ده‌ستووره‌دا فه‌راهه‌م بكه‌ین”.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌رئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

 

Back to top button