مهسرور بارزانی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر سریلانکا سەرکۆنە دەکات
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەمڕۆی سریلانکا دەکات.
ئەمرۆ یەکشەممە 21/4/2019، مەسرور بارزانی لە پەیامێکیدا لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەمرۆی شاری کۆڵۆمبۆی سریلانکا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی سیڤل بوونە قوربانی، وێڕای سەرکۆنە کردنی هێرشە تیرۆریستییەکە، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە نراجان ئاران سینگا، باڵیۆزی سریلانکا لە عێراق ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوەی بە پەلەشی بۆ برینداران خواست.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە: “ئەو کردەوە تیرۆریستییە و بەئامانجگرتنی خەڵکی سیڤل سەرکۆنە دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە، شەڕی تیرۆریستان ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لەپێناو ئاشتی و ئاسایشی هاووڵاتیانەوە، دەبێت لە هەموو شوێنێکی جیهان ڕوووبەڕوویان ببینەوە”.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 21-4-2019، هەشت تەقینەوەی تیرۆریستی لە نێو چەند کەنیسە و هۆتێلی شاری کۆڵۆمبۆی پایتەختی سریلانکا روویاندا کە ئاهەنگەکانی جەژنی قیامەی مەسیحییان کردبووە ئامانج.