پەیمانگای توێژینەوەی ئەمریكا دوای رووخانی داعش مەترسیەكانی داعش زیاتر بووە
ئەگەرچی لە مانگی رابردوو خەلافەتی داعش لە رۆژئاوای كوردستان كۆتایی پێهات, لە ئێستادا داعش لە سەر زەوی هیچ جێگایەكی بە دەستەوە نیە, بەڵام بە پێی توێژینەوەیەكی پەیمانگای ئەمریكی لە ئێستادا مەرتسی داعش بوونی هەیە لەسەر چەند ناوەچەیەك دوای تێكشكانی داعش هەڕەشەكان زیاتر بوونە
پەیمانگای ئەمەریكی بۆ توێژینەوە لە جەنگ لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، مەترسییەكانی رێكخراوی داعش كۆتاییان نەهاتووە، بگرە دوای تێكشكانییان لە دوایین پێگەی خۆیان لە سووریا، هەڕەشەكانی رێكخراوەكە زیاتر بوونە, پەلامارەكانی ئەمدواییەی رێكخراوەكە وەكو بەڵگە دەهێنێتەوە، كە لە چوار ناوچەی جیاوازی عێراق و سووریا ئەنجامیداوە.
توێژینەوە پشت بە داتا تۆماركراوەكان بەستووە لە بارەی هێرشەكانی داعش لە شارە گەورەكانی وەكو رەققەی سووریا و مووسڵی عێراق، لەگەڵ هەندێك ناوچەی باكووری سووریا.
توێژینەوەكە پێیوایە، راگەیاندنی ئەمەریكا لە بارەی كۆتاییهاتنی داعش لە سووریا، لە ئادار/ مارسی رابردوو، پەلەپرووزەی پێوەدیاربوو، لەكاتێكدا بوو كە هێشتا هێرشەكانی رێكخراوەكە بەردەوام بوو، بەتایبەتیش دوای 48 كاتژمێر لە راگەیاندنی كۆتایی هاتنی داعش، كە نزیكەی 35 سەربازی رژێمی سووریا و چەكدارە نزیكەكانی، لە هێرشەكانی داعش كوژراون.
توێژینەوەكە ئاماژە بە داڕووخانی رێكخراوەكە دەكات لە ناوچەكانی ژێر دەستی لە رۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام هێشتا لە بادیەی ئەو وڵاتە تا دەوروبەری رۆژهەڵاتی حومس تا دەگاتە نزیك سنوورەكانی عێراق ماون.
بە گوێرەی توێژینەوەكە، ئێستا كردەوە تیرۆریستییەكانی رێكخراوەكە، خۆی لە رفاندنی هاووڵاتییان، دانانەوەی بۆمبی چێنراو و بە ئامانجگرتنی كاروانی سەربازی هێزەكانی سەر گۆڕەپانی سووریا و عێراق دەبینێتەوە.
توێژینەوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، لە ماوەی مانگی رابردوودا، ئەو خێزانانەی داعش خۆیان رادەستی هێزەكان كردووە لە سووریا، لەناو كامپەكان ئاژاوەیان ناوەتەوە، هەندێكیان هەڵاتوون و ژمارەیەك پاسەوانی كامپەكانیش كوژراون، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لەناو كامپەكان خەریكن چەكدار بۆ رێكخراوەكە كۆدەكەنەوە.