قوباد تاڵه‌بانی: رەخنە، جنێودان و یەکتر شکاندن نییە.. رووخاندن ئاسانه‌ بەڵام بوونیاتنان قورسە

خواكوڕك

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ ووته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ نه‌گرین ناتوانین بژین و پێش ناكه‌وین.

قوباد تاڵه‌بانی تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت، “باجارێ كێشه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی چاره‌سه‌ربكه‌ین، ئینجا بێینه‌ سه‌ر كێشه‌كانی هه‌ولێرو به‌غداد”.

تاڵه‌بانی له‌باره‌ی به‌شێك له‌ میدیاكانی شاری سلێمانی و ئه‌دای كاری راگه‌یاندن ده‌ڵێت، “ھه‌موومان ھه‌ستمان كرد، كوردستان قۆناغێكی تێپه‌ڕاند و ھه‌نگاوێكی گرنگی به‌ره‌و دیموكراسیه‌تێكی راسته‌قینه‌ی نا‪.‬‬‬‬ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ئه‌و ئازادیه‌ و، ئه‌و ئه‌قڵه‌ ئازاده‌ ڕۆشنگه‌ر و رۆشنبیریانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ گواسترایه‌وه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كی بیناكه‌ر به‌ره‌و ژینگه‌یه‌كی ڕووخێنه‌ر‪.‬‬‬‬‬ وورده‌ وورده‌، نووسه‌ر و رۆشنبیر لایان گرنگتر بوو به‌ “ره‌خنه‌ گر” بناسرێن، نه‌ك به‌ رۆشنبیر‪.‬‬‬‬‬ ره‌خنه‌ گرتنیش گواسترایه‌وه‌ له‌ ھه‌ستێكی دروستی ھاووڵاتی به‌ره‌و سیاسه‌تی شه‌عبه‌ویانه‌و موزایه‌ده‌ی سیاسی”‪.‬‬‬ ‬‬‬‬‬

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، “له‌گه‌ڵ زۆری ناخۆشی و كێشه‌كانمان، هه‌ندێ هه‌واڵی دڵخۆشكه‌ریش هه‌یه‌، كاری جدی زۆره‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجامی بده‌ین بۆیه‌ با دووربكه‌وینه‌وه‌ له‌ وتاره‌ پڕ ته‌هدید و رووخێنه‌ره‌كانمان و بێین په‌نجه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر خاڵه‌ ناكۆكیه‌ راسته‌قینه‌كانمان”.

له‌باره‌ی سیسته‌می ئیداری و حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، “ئایا كێشه‌كه‌مان له‌وه‌یه‌ كه‌ سلێمانی نایه‌وێت له‌ژێر هه‌ژموونی هه‌ولێردا بژی، ده‌با رێكبكه‌وین له‌سه‌ر سیستمێكی فیدراڵی و ناناوه‌ندی بۆ ناو هه‌رێم كوردستان، له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ستمانكردوه‌ به‌گفتوگۆیه‌كی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر شێوازی داڕشتنه‌وه‌ی حكومڕانی له‌ هه‌رێمدا و چۆنیه‌تی شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌و رۆژگاره‌ و زۆرێك  له‌چاكسازییه‌كان پێویستمان به‌په‌رله‌مانه‌ و دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی رق و كینه‌”.

وتیشى “به‌كردار ده‌ستمانكردوه‌ به‌ده‌ربازكردنی هه‌رێمى كوردستان له‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ و چاكسازی، پرۆسه‌ی نه‌وت و فرۆشتنی له‌بازاڕی خۆماڵیش وردبینی ده‌كرێت”.

فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، جگە لە پێشانگای شێوەکاری و فۆتۆگرافی و پێشانگای کتێب، کۆتا رۆژی فێستیڤاڵیش خەڵاتی براوە لە بواری شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە دەبەخشرێتە براوەی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە.

Back to top button