نێچیرڤان بارزانی: له ساڵیادی رۆژنامەگهری كوردیدا پیرۆزبایی لە سهرجهم رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە زمانی کوردی نیشتمانی دووەمی گەلی کوردستانە و پێویستە هەموولایەک هەوڵی پاراستنی بدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 22-4-2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکی لە رێوڕەسمی رێزلێنانی ئەکادیمیای کوردی لە کەلیموڵڵا تەوەحودی، نووسەری ناوداری کورد لە خوڕاسان پێشکەش کرد.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کەلیموڵڵا تەوەحودی بۆ هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ھەولێر و ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش شانازی بە سەردانی مامۆستا تەوەحودی دەکەن، ”ھەموومان شانازی بە خەباتی ڕۆشنبیری و ھونەریی مامۆستا تەوەحودی دەکەین لەپێناو داھاتووێکی گەشتر بۆ گەلی کوردستان“.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشیی لە ئەکادیمیای کوردی کرد، بۆ بانگهێشتکردن و خەڵاتکردنی ئەو نووسەرە کوردە و رایگەیاند، ئەو رێوڕەسمە ”ڕووداوێکە لە کاتی خۆی و لە شوێنی خۆی دایە“.
نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی ئەمڕۆ رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییە، پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی کوردستان کرد و سڵاوی بۆ میقداد مەدحەت بەدرخانی دامەزرێنەری یەکەم رۆژنامەی کوردی (کوردستان، 1898) و گەورە رۆژنامەنووسانی وەک پیرەمێردی نەمر، حوسێن حوزنی موکریانی، دارا تۆفیق، ساڵح یوسفی، شاکر فەتاح و موسا عەنتەر نارد، مانەوەی گەلی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئاینی، نەتەوەیی و مەزهەبی بە ”گەورەترین شانازیی“ گەلی کوردستان دانا و ”کورد لە ھەر کوێیەک بێت، ھەر بۆ یەک ئامانج و یەک داھاتوو درێژە بە ژیانی دەدات“.
”تەنیا زمان و ناسنامە و کەلتوور ئێمەیان لە دونیا پاراستووە و گەلی کورد لە خوراسانیش تاکە بەڵگەیە بۆ راستیی ئەو قسەیە“.