گۆڕان: مانگی داھاتوو كابینەی نوێ پێكدەھێنرێت

سەرکردەیەکی گوڕان ڕای دەگەیەنێت کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەلتەرناتیڤی زیادکردنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان  ڕایگەیاند، ھەموارکردنەوەی یاسایی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بە بڕیاری کەسێکی دیاریکراو ناکرێت، ”ئێمە بزووتنەوەیەکی دامەزراوەیین، ئەگەر بمانەوێت ئەو یاسایە ھەموار بکەینەوە، ڕاستەوخۆ دەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی و لە کۆبوونەوەی ئەو دوو جڤاتەدا بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدرێت“.

ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی دواکەوتنی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت، واژۆکردنی ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕانیش لەسەر هەمان بابەت دواکەوتووە. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەگەر جێگرێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، گۆڕان ئەلتەرناتیڤی ھەیە و لەگەڵ پارتی قسەمان لەسەری کردووە“.

لە لایەن خۆیەوە دانا عەبدولکەریم، ئەندامی شاندی دانوستانکاری گۆڕان ڕای گەیاندووە، ئەوان لەگەڵ پارتی لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان.

هاوکات ئەوەشی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕوون کردووەتەوە: ”پابەندین بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ پارتی ئیمزامان کردبوو“.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە ”لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوان گۆڕان و پارتیدا هەیە“ و ڕای گەیاندووە: ”لەو باوەڕەدام تا مانگێکی دیکە کابینە پێکدەھێنرێت”.

Back to top button