پەرلەمانتارێكی كورد لە عێراق: هاوڵاتیانی زیان لێكەوتووی لافاو لە هەرێمی كوردستان قەرەبوو دەكرێنەوە

 

دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق بڕیاریدا كە قەرەبووی هەموو ئەو هاوڵاتیانە بكاتەوە بە هۆی كارەساتەكانی لافاو لە عێراقدا دووچاری زیانی ماددی و گیانی بوون, پەرلەمانتارێكی عێراقیش لە فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت كە قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتووان خەلكی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە

ناسر هەركی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەیەوە رادگەیاند: “لەگەڵ دروستبوونی یەكەم لافاو لە هەرێمی كوردستان ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی گەیشتینە دۆڵی خانەقا و ناوچەی سمیلان و شەویش ماینەوە، پاشان سەردانی قەزاكانی (سۆران،چۆمان،رواندز)مان كرد و تەواوی زیانەكانمان تۆماركرد و بە ڕاپۆرت ئاراستەی پەرلەمانی عێراقمان كرد”

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق راشیگەیاند كە حكوومەتی عێراق بڕی 3 تریلیۆن دیناری بۆ رووداوە لەناكاوەكان تەرخانكردووە،لەو بڕە پارەیەشدا پشكی هەرێمی كوردستانی تێدایە .

هەروەها ناسر هەركی گوتیشی: “ئێمە لەفراكسیۆنی پارتی هەوڵەكانمان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی زیانلێكەوتووانی لافاو لەهەرێمی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی خواروو و ناوەراست قەرەبوو بكرێنەوە”.

Back to top button