رێباز حەملان: بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی هەر پێشمەرگەیەك لە كاتی وەرگرتنی مووچە قەرزی پێشینەكانی لێ وەرگیرابیتەوە بۆیان دەگەڕێنینەوە تا كاتێكی دیكە قەرزی پێشینەكان وەرناگرینەوە
دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرو پێشمەرگەی گەڕاندەوە, دوا دابەشكردنی یەكەم مووچەی بێ پاشەكەوت, لە نێو پێشمەرگەكانی یەكەی 70 و 80 قەرزی پێشینەی خانەوو بەرە وەرگیراوە بەڵام وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێم، بە فەرمانی سەرۆكی حكومەت گەڕاندنەوەی بڕێك پارە لە مووچەی بەشێك لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێت.
نووسینگەی وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە: ”لە ڕوانگەی ھەستكردن بە بەرپرسیارێتی و جێ بەجێ كردنی بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم كە پێشتر بڕیار درابوو لەم كاتەدا پێشینە لەھیچ فەرمانبەرێك وەرنەگیرێتەوە، لەبەدواداچوونی ھەریەكە لە وەزیرانی دارایی و ئابووری و ھەروەھا وەزیری پێشمەرگە، بەبڕیار و چاودێریی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دەركەوت ئەو پێشینەیە لە لیوایەكی ھێزەكانی پێشمەرگە وەرگیراوەتەوە، بۆیە بڕیار درا بەگێڕانەوەی ئەو پارەی پێشینەیەی لەو پێشمەرگە و فەرمانبەرانەی كە لە مووچەكانیان بڕاوە“.