سەلام و عەلەیكم مامۆستا عەلی باپیر

 

یاد سرێشمەیی

 

دوای تێپەڕینی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تا ئێستا بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان نەتوانراوە كابینەی نۆیەمی حكومەت پێكبهێنرێت, بە مەبەستی گفتوگۆ لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ دەیان كۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان حزبی راسپێردراو پارتی لەگەڵ هەریەكە لە یەكێتی و گۆڕان بە ئەنجام گەیێندراون, لە ئێستا گرێكوێرەی پێكهێنانی حكوومەت لە كرانەوە نزیك بووەتەوە لە چەند رۆژی داهاتوو رێككەوتنی كۆتای پێكهێنانی حكومەت دەكرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای سەركەوتنە گەورەكەی كە بە پێی عورفی پەرلەمانی گەورەترین هێزی براوە رادەسپێردێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت, بە ئەزموون وەرگرتن لە كابینەی هەشتی بنكە فراوان, پارتی زوو رایگەیاند كە هەڵەی كابینەی رابردوو دووبارە ناكاتەوەو حكومەتی بنكە فراوان دروست ناكات, بەپێی ئەو هاوكێشەیەش بێت بەشێك لەو حزبە سیاسیانەی كە كورسیان لەپەرلەمان بەدەست هێناوە دەكەونە دەرەوەی پلانی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

یەكگرتووی ئیسلامی دوای راوێژكردن بە كادرو ئەندامانی لە جومگەكانی خوارووی حزب, بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانیان بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد, ئەو هەنگاوەی یەكگرتوو ئەو حزبەی خستە دەرەوەی سێرەی سەردانەكانی پارتی بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكوومەت, ئەمەش وای كرد زوومی پارتی زیاتر بكەوێتە سەر بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی بۆئەوەی بتوانێت دروشمەكانی هەڵبژاردن وەدی بهێنێت كە بنیاد نانی كوردستانێكی بەهێزە.

كۆمەڵی ئیسلامی ئەگەرچی تا ئەو دەقەیەش چاوی لە دەرگا و سەلامی پارتیە تا بەشداری پێبكرێت لە كابینەی نوێی حكوومەت, بەڵام پارتی بە گەڕانەوە بۆ كابینەی رابردوو كە كۆمەڵ بەبێ‌ هیچ هۆیەك خۆی بە بزووتنەوەی گۆڕان هەڵواسی و حكومەتیان لە نیوەی رێگا بەجێهێشت, هەروەها ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر لە ماوەی رابردوو لە میدیا ناوخۆ و جیهانیەكان سەنگەری لە ریفراندۆم گرت و دژ بە خواستی %93ی هاونیشتمانیانی كوردستانی بۆ سەربەخۆیی هاتەزمان, ئەو هەنگاوەی كۆمەڵ و لێدوانەكانی ئەمیری كۆمەڵ دژ بە خواستە باڵاو نیشتمانیەكانی كورد, ئاماژە گەلێك بوون كە پارتی وەك سەركاروانی حكومەتی رابردوو وە ریفراندۆم ئەگەر سەڵامیش بكات سەڵامەكەی بۆ كۆمەڵ و ئەمیرەكەی جۆرێكی دیكەیە.

ئێستا كە پێكهێنانی حكومەت لە كۆتایی نزیكە كۆمەڵی ئیسلامی هێشتان لە دووڕیانی بەشداری پێكردن و پێنەكردندان, هیشتان چاویان لەو سەڵامەیە كە دەیانخواست بۆ پێكهێنانی حكومەت لێیان بكرێت, بەڵام شەش مانگی رابردوو بۆ كۆمەڵی ئیسلامی كە لە دەرەوەی هاوكێشە سیاسەكانی پێكهێنانی حكومەت زۆر قورس بوون بە جۆرێك لە دوو رۆژی رابردوو عەلی باپیر لە لێدوانەكانیدا بێ ئومێدیەكی زۆری پێوەدەبینرا, رەنگە گەیشتبێتە ئەو باوەڕەی سەڵامی ئەوجارەی پارتی ئەگەركردی بۆ ئەوەیە لەو چوارساڵەدا بخەوێت خەونی رەنگاورەنگ ببینێت.

Back to top button