فراكسیۆنی پارتی پڕۆژە یاسایەك بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان دەكات

ئەندامانی فراكسیۆنی زەرد لە لیژنەی پێشمەرگە، سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكن بۆ ئەوەی خزمەتی ھێزی پێشمەرگەی پێ بكەن، كە بریتییە لە ھاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە و خانەنشینان لەگەڵ مووچەی ھێزەكانی ناوخۆ و هەروەها پلەبەرزكردنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و رێكخستنی دەوام.
نزار مەلا غەفار ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی  ڕاگەیاندووه‌: “وەكو فراكسیۆنی زەرد سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكین كە سێ خاڵی گرنگ لە خۆی دەگرێت و ئەمڕۆش لیژنەی پێشمەرگە كۆ دەبێتەوە و خاڵەكان پێشكەشی سەرجەم ئەندامان دەكەین، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەین و دەوڵەمەند بكرێت و لە كاتی پێكھێنانی حكوومەتی نوێدا بخرێتە بەرنامەی كارەوە و پەسەند بكرێت”.
سەبارەت بەو سێ خاڵە،مه‌لا نزار زیاتر گوتی: “ئەو خاڵانە بریتین لە ھاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ مووچەی ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ، ھاوتاكردنی مووچەی خانەنشینیی پێشمەرگە لەگەڵ خانەنشینانی ناوخۆ و پلەبەرزكردنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە، كە ماوەیەكە راگیراوە و خاڵی سێ یەمیش رێكخستنی دەوامی ھێزەكانی پێشمەرگەیە”.
غەفار دەشڵێ، وەك فراكسیۆنی زەرد ھەموو ھەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن باشترین خزمەتی ھێزی پێشمەرگە بكەن و ھەرچی لە تواناشیاندا ھەیە بۆ ھێزی پێشمەرگە ئەنجامی دەدەن، چونكە ھێزی پێشمەرگە شایستەی ھەموو خزمەتێكە و قوربانیی زۆری لە پێناو گەلەكەیدا داوە.
Back to top button