“پێویستە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاسایی بکرێتەوە”
ئەمڕۆ سێشەممە 23/4/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ولیام رۆبوك، جێگری نێردهی تایبهتی سهرۆكی ئهمەریكا بۆ ھاوپهیمانی جیهانی دژی داعش کۆبووەوە، باسیان لە رەوشی ناوچەکە و هەڕەشەکانی تیرۆر کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ستیڤ فهیگن كونسوڵی گشتی ئهمەریكا له هەولێر ئامادەبوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و روبهڕوبوونهوهی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر کرا.
مەسرور بارزانی، بۆچوونی خۆی لەبارەی جموجۆڵی بەردەوامی داعش لە هەندێ ناوچەی عێراق روونکردەوە و جهختی له بایەخی چارەسەرکردنی رەوشی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەرچی زووترە زەمینەی لەبار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە برەخسێ.
هەروەها باسی هاتنە ئارای کەشێکی ئەرێنی لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و روونی کردەوە، ئەم کەشە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵگرتنی هەنگاوە پێویستەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی تەواوی پرسە هەڵواسراوەکان، کە کاریگەریان بەسەر سەقامگیرییەوە دەبێت.
له بهرامبهردا جێگری نێردهی تایبهتی سهرۆكی ئهمەریكا بۆ ھاوپهیمانی جیهانی دژی داعش پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان هێزە پەیوەندیدارەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان دووبارە کردەوە و رایگەیاند، پەرەپێدانی ئەو هەماهەنگیانە بەپێویست دەزانێت بۆ رێگری کردن لە پەرەسەندنی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لە عێراقدا.
هەر لەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق و قۆناغەکانی شەڕی داعش لە سوریا تاوتوێ کران.