حكومەتی هەرێم 400 ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج دەكات
دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رابردوو بە شێوەی سلفە دووجار پارەی بەلێندەرانی هەرێمی كوردستانی خە رجكردووە كە بڕی 200 ملیۆن دۆلار بووە, بەرپرسێكی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان ئاشكرای دەكات، بڕیار وایە تاوەكوو كۆتایی ئەمساڵ، بە دوو شێوە حكوومەت ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری تر بۆ بەڵێندەران خەرج بكات و قەرزەكانی كۆتایی پێ بھێنێت
مەلا یاسین مەحموود، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان و گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرھێنەرانی كوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، حكوومەت بڕیاری داوە ئەمساڵ سەرجەم قەرزەكانی وەبەرھێنەران بداتەوە، گوتی: «لەدوای قەیرانی دارایی، قەرزی بەڵێندەران بە ئاستێكی بەرچاو دابەزیوە، زیاترلە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرج كراوەتەوە».
روونیشی كردەوە، حكوومەت چوار جۆر قەرزی بەڵێندرانی لایە، گوتی: «قەرزی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، قەرزی بودجەی وەبەرھێنان، قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون، قەرزی پتڕۆدۆلار».
ئاشكراشی كرد، تاوەكوو ئێستا ئەوەی حكوومەت دەیداتەوە قەرزی بودجەی وەبەرھێنان و پەرەپێدانە، گوتیشی: «تاوەكوو ئێستا قەرزی نیشتیەجێبوون و قەرزی پتڕۆدۆلاری نەداوتەوە، بڕیار وایە تاوەكوو مانگی ٨ی ئەمساڵ، قەزری بەڵێندەران لە جۆری پەرەپێدانی پارێزگاكان و بودجەی وەبەرھێنان كۆتایی پێ بھێنێت و پاكتاوی بكات».
مەلایاسین، دووپاتی كردەوە، بە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری تر قەرزی بودجەی پەرەپێدان و وەبەرھێنان كۆتایی دێت، دەشڵێت: «ئەو ٢٠٠ ملیۆن دۆلارەی تاوەكوو مانگی ٨ دەدرێتەوە، دوای ئەوە تا كۆتایی ساڵ قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون ١٠٠ ملیۆن دۆلاری پێویستە بدرێتەوە، بۆ پتڕۆدۆلاریش ١٠٠ ملیۆن دۆلار، بڕیار وایە تا كۆتایی ئەمساڵ ئەم دوو قەرزەش بدرێنەوە».
ئەندامەكەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان، پێی وایە: «بەھۆی ھەوڵەكانی وەزارەتی دارایی و حكوومەت، تواندراوە ئەركی قورسی سەرشانی وەبەرھێنەران و بەڵێندەران سووك بكرێت و لە ماوەی ٥ مانگدا ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بدرێتەوە بەڵێندەران، چەند بەڵێندەرێكیش لە مایەپووچبوون رزگاریان بێت.
مەلا یاسین ئاماژە بەوە دەكات، حكوومەت خەریكە لە دەست قەرزەكانی كەرتی تایبەت رزگاری بێت، پێی وایە، بە رزگاربوون لەو قەرزانە، حكووومەت ھەنگاوی باش بۆ فەرمانبەران دەست پێ دەكات.