گۆڤارێكی ئەڵمانیا: توركیا لە عەفرین پاكتاوی رەگەزی و كلتوری ئەنجام دەدات
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو پارێزگای عەفرینی رۆژئاوای كوردستان لە لایەن سوپای توركیا داگیر كرا, گۆڤارێكی ئەڵمانی ئاشكرای دەكات كە توركیا لە عەفرین پاكتاوی رەگەزی و كولتوری ئەنجام دەدات، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات داگیركردنی ئەو شارە، نەك بە هۆی مەترسی بۆ سەر سنورەكان، بەڵكوو لە ئەنجامی خواستی ئەردۆغان بووە بۆ فراوانكردنی سنورەكانی وڵاتەكەی.
لە راپۆرتێكدا گۆڤاری دێرشپیگڵی ئەڵمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، دوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، زۆربەی دانیشتووانی كوردی عەفرین كۆچیان كردووە، بەڵام دەستیان لەخەیاڵی گەڕانەوە بۆ شارەكەیان بەرنەداوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، كە هێرشی سەر عەفرین لەسەر نیگەرانی توركیا بۆ پاراستنی سنوورەكانی نەبوو، بەڵكوو ئەو هێرشە لەسەر خواستی ئەردوغان بوو، بۆ بەرفراوانكردنی سنوورەكانی وڵاتەكەی.
دێرشپیگل لە درێژەی شیكارییەكەی ئاماژە بەوە دەكات، كە دەوڵەتی توركیا ڕێگا بە چاودێرانی سەربەخۆ نادات بچنە عەفرین، تا لەسەر پاكتاوی ڕەگەزی و كلتوری لەو ناوچەیە زانیاری بەدەست بێنن و نووسیویەتی: بەپێی ئەو وێنانەی بڵاو بوونەتەوە گۆڕی عەلەوی و ئێزدییەكان هەڵوەشێندراون و پاكتاوی ڕەگەزی و كلتوری بووەتە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەی عەفرین.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەش كردووە، كە ناوی گەڕەك و كۆڵانەكانی عەفرین گۆڕدراون بە توركی، زمانی كوردی لە خوێندنگاكان لابراوە و وانەكان بە قورسی و بە توركی دەوترێنەوە، توندڕەوی ئیسلامی بەسەر ناوچەكە دەسەپێندرێت و بە تایبەتی فشار دەخرێتە سەر ژنان.