كیم جونك ئون سەردانی رووسیا دەكات و لەگەڵ پوتن كۆدەبێتەوە
لەگەڵ ئەوەی پەیوەندیەكانی نێوان كۆریای باكور و رووسیا تا ئێستا بەهێز ماوەتەوە, تەنانەت دوای دوو كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان ترەمپ و كیم جون, وا بڕیارە “بەم نزیكانە” كیم جۆنگ ئوون، سەرۆكی كۆریای باكوور سەردانی روسیا بكات و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.
میدیای فەرمیی كۆریای باكوور و كۆشكی كرێملینی رووسیا رایانگەیاندووە:” لە كۆتاییەكانی مانگی نیسان كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی رووسیا و كۆریای باكور لە نێو خاكی رووسیا بەڕێوەدەچێت.
بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەی گاردیان، كۆبوونەوەكە لە ناوچەی ڤلادیڤۆستۆك لە رۆژهەڵاتی رووسیا، كە تەنیا چەند كاژێرێك لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتەوە دوورە، بەڕێوەدەچێت.
چاوەڕواندەكرێت كیم جۆنگ ئوون بە شەمەندەفەرە سەربازییەكەی سەردانەكەی ئەنجامبدات، هاوشێوەی سەردانی پێشووی بۆ ڤێتنام كە بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە هەمان شەمەندەفەر گەشتی كرد, سەردانی كیم جۆنگ ئوون بۆ رووسیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین بە یەكەم سەردانی ئەو سەرۆكە دادەنرێت بۆ ئەو وڵاتە.