ژنە پەرلەمانتارێک: شاسوار عەبدولواحید هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆییم لێ دەکات

ژنە پەرلەمانتارێکی گرووپی نەوەی نوێ ئاشکرای کرد کە شاسوار عەبدولواحید، بە نهێنی کامێرای چاودێری بۆ داناون و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لێ کردووە.

شادیە نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: ”شاسوار عەبدولواحید و باندە مافیاکەی کامێرای چاودێری لەنێو کابینەکانی چاڤیلاند بۆ پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێ داناوە و ھەڕەشەی بڵاو کردنەوەی ڕەسم و گرتەی ڤیدیۆیی دەکات، ھەرچەندە ھەڕەشەی لە خودی خۆم کردووە، بەڵام من لە پاک و بێگەردیی خۆم ناترسم و سکاڵای یاسایی لە دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەکەم“.

جەختیشی کردەوە کە دانانی کامێرای چاودێری لەلایەن شاسوار عەبدولواحید و باندەکەی ”زەنگێکی زۆر مەترسیدارە، چونکە ”ئیتر کەس ناتوانێ لە ماڵەکەی خۆیدا بە ئازادی بیروبۆچوونی خۆی دەرببڕێت نەوەکوو لەنێو کایەی سیاسی دا، بەڵام ئێمە کۆمەڵێک نوخبەین کە دەنگی خەڵکمان بەدەست ھێناوە و بۆ ئەوەش چووینەتە پەرلەمانی کوردستان، تاوەکوو بەرگری لە دەنگی ئازاد و لەمافی دەنگدەرانمان بکەین، ئەگەر ئێمە بەگژ ئەو کارەدا نەچینەوە، سبەی چۆن بتوانین بەرگری لەمافی خەڵک بکەین، دواجار ئێمە بەڵێنمان بەدەنگدەرانی خۆمان داوەی ھەرچی ڕوویدا بە ڕاستگۆیانە بیگۆزینەوە، بێگومان ھەموو شتێک لەناو جوڵانەوەکەی خۆماندا دەست پێدەکەین“.

شادیە نەوزاد ئاماژەی بەوەش دا، شاسوار عەبدولواحید و کۆمپانیای (نالیا) و باندە مافیایەکەشی، دەست بۆ ھەموو شتێکی تاکەکەسی پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ دەبەن، بەڵام ”ئەوە باندە و جوڵانەوەی نەوەی نوێ نییە و جوڵانەوەی ڕاستەقینەی نەوەی نوێ ئێمەین، نەوەکوو کەسانێک کە جوڵانەوەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبەن“.

Back to top button