چاڵاكوانێكی داكۆكیكار لە مافی ئافرەتان: مەگەر شاسواریش دەزانێت شەرەف چیە؟

 

لەگەڵ دەستپێكردنی سەرتای ناكۆكی و باڵباڵێنی نێو جولانەوەی نەوەی نوێ‌ كە لە لایەن خاوەنی تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕتی سەرپەرشتی دەكرا لە ئێستادا دۆخێك لە نێو ئەو جولانەوەیە دروست بووە كە هەردوو باڵەكە هەڕەشە لە یەكتری دەكەن, بە جۆرێك ئەمڕۆ پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند كە لە ئەگەری جیابیركردنەوە, شاسوار عەبدولواحید هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دەستكاری كراوی ئەو پەرلەمانتارە دەدات, چاڵاكوانێكی مافی ئافرەتانیش دەڵێت:” با شاسوار بە بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی خەلكی هەڕەشە نەكات چاكتر وایە سەیری مێژووی خۆی بكات”.

ئاڵا كەمال چالاكوان لە بواری داكۆكیكردن لە مافی ژنان لەو بارەیەی هەڕەشەكانی شاسوار عبدالواحید ڕایگەیاندووە “هیوادارم ئەو ڤیدیۆیانەی شاسوار عەبدلواحید ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی دەكات، دروستكراو بێت و ڕاستی نەبێت، ئەگەر ڕاستی بێت، ئێمە ناتوانین كار لەسەر ئەو كەیسە بكەین، چونكە ئەوان خاڵی لاوازی خۆیان داوە بە دەستەوە و ئێستە شاسوار عەبدولواحید بەكاری دەھێنێت، لە ھەموو دنیادا مرۆڤە ناشەریفەكان كاتێك خاڵی لاوازی كەسێكیان دەست دەكەوێت، بۆ مەبەستێكی دیاریكراو بەكاری دەھێنێت، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتێكدا ئەو گرتە ڤیدیۆییانە ڕاستی بێت، شاسوار عەبدولواحید مافی ئەوەی نیە بڵاوی بكاتەوە، ئەگەر بڵاویشی بكاتەوە، بەپێی یاسا توندترین سزا دەدرێت”.

ئەو چاڵاكوانەی داكۆكیكاری مافی ئارفرەتان گوتیشی “شاسوار عەبدولواحید زۆر جار باسی ڕەوشت و شەرەف دەكات، بەڵام من دەپرسم پێناسەی شەرەف لای شاسوار عەبدولواحید چیە؟ پێویستە ئەو شەرەفەی ئەو بە دەم باسی دەكات، لە مێژووی كردەوەكانی ھەبێ، بەڵام ئەگەر شاسوار عەبدولواحید یان ھەر كەسێكی دیكە ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی بكات، داكۆكی كارێكی سەرسەختی دەبم و ئامادەم سەری خۆمی لەسەر دابنێم، چونكە ئەو ھەڕەشەی لەو ئافرەتانەی نەوەی نوێ كراوە، سبەی ھەمان ھەڕەشە لە ئێمە دەكرێت”.

Back to top button