بابەکر زێباری: کوردستان دەبێتە خاوەنی یەك ھێزی سەربازی

پڕۆسەی یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە و سوپاسالاری پێشووی عێراقیش پێی وایە، ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی سەربازیی یەکگرتووی ھەبێت ئەوکات دەبێتە خاوەنی ھێزی خۆی.

بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی  ڕاگەیاندووه‌، ھەوڵەکان بۆ یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستی پێ کردووە و دەشڵێت: ھەرچەندە من لەنێو وردەکارییەکانی ئەو پڕۆسەیەدا نیم، بەڵام ئاگاداری ئەوەم پڕۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە دەستی پێ کردوە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی خاوەن دیسپلینی سەربازیی ھەبێت.

سوپاسالاری پێشووی عێراق ڕوونی کردەوە: دەمێکە پلانی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە ھەیە، چونکە ھەتا ھێزی پێشمەرگە یەک نەخرێت و سەرکردایەتییەکی نەبێت، کوردستان نابێتە خاوەنی سوپایەکی تایبەت بە خۆی.

بابەکر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پێویستە ھەموو ھێزە سەربازییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەونە چوارچێوەی سیستەمی وەزارەتی پێشمەرگەوە، ھەتا لە لایەن یەک لایەنەوە دەسەڵات بەسەر ھێزی پێشمەرگەدا ھەبێت و ئەو فرەھێزیەی ئێستای ھەرێمی کوردستان نەمێنێت.

Back to top button