مەحمود محەمەد: لە سەدا 90ی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تەواو بووە
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە دەكرێت و رێككەوتنی كۆتایی رادەگەیەندرێت. دەشڵێت، پێشتر لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی سیاسییان كردووە، ئەو رێككەوتنەی ئێستاش دەكرێت، رێككەوتنە لەسەر پۆستەكان.
مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە دەكرێت و رێككەوتنی كۆتایی رادەگەیەندرێ، “كۆبوونەوەكانی ڕابردووش كە ئەنجامماندان، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكوومەت و كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوون”.
هەرسێ لایەن رێكدەكەوین
مەحموود محەمەد، تیشكی خستە سەر رێككەوتنەكەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كە لەسەر جێگری سەرۆكی هەرێم رێككەوتبوون، ئاماژەی بەوە دا، كە ئەو پۆستە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت، لە دواییدا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوای ئەو پۆستەی كرد، كە بكرێت بە دوو جێگر، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان رازی نەبوو كە داوای یەك جێگری دەكرد بۆ سەرۆكی هەرێم.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژە بەو گرفتەش دەكات و دەڵێت: “ئەو گرفتەی هاتە بەردەم كۆبوونەوەكان، ئێمە ویستمان بە رازی بوون و بە پێكەوەبوون كار بكرێت، نەك لە ژێر گوشاردا بێت، بۆ ئەم مەبەستە زەمەنێكی زیاتر لە پێویستمان دایە گفتوگۆكان، هەروەها بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنەكان دروست ببێت، هەروەها ئەو لێكتێگەیشتنە لە هەفتەی داهاتوودا كۆتایی پێ دێت، بە شێوازێك هەرسێ لایەن رێكدەكەوین”.
پێویستە لێكتێگەیشتن دروست ببێت
گوتەبێژی پارتی ئاماژە بەوەش دەكات: “لە پێكهێنانی حكوومەت مەرج لە ئارادا نییە، تەنها داواكارییەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە كە هەیان بووە، پێشتر گوتوومانە مەرج لە كەس قبووڵ ناكەین و مەرجیشمان بۆ هیچ كەسێك نییە، بەڵام لێرەدا كە داواكارییەك دەبێت پێویستە لە بەینی هەموو ئەو لایەنانەی كە پێكهێنەری كابینەكەن و بەشدار دەبن، لێكتێگەیشتن دروست ببێت، ئێمەش هەوڵی ئەو لێكتێگەیشتنە دەدەین و هیچ كێشەیەك لە بەینی ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕاندا نیبە”.
90%ی تەواو بووە
گوتەبێژی فەرمیی پارتی، جەختی لەو هەوڵ و كۆششانەی خۆیان كردەوە، كە بۆ پێكهێنانی كابینەكە كردبوویان و دەڵێت: “پێشتر لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستەكانیان رێككەوتووین، لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیش رێككەوتووین، تاكە شوێن كە مابوو رێككەوتنی لەسەر بكرێت، بابەتی سەرۆكی هەرێم بوو، كە یەك جێگر یاخود دوو جێگری هەبێت”.
سەبارەت بەو گرفتەی كە لە بەینی یەكێتی و گۆڕان بوو، كە داوای هەمان پۆستیان دەكرد، مەحموود محەمەد هێمای بۆ ئەوە كرد: “ئەو كێشەیە لە نێوان یەكێتی و گۆڕاندا بووە، كە هەردووكیان داوای هەمان پۆستیان دەكرد، لە دواییدا داوا كرا كە بكرێتە دوو پۆست، ئێستا ئەم بابەتە لە گفتوگۆ و چارەسەركردندایە، لە سەدا 90ی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تەواو بووە، كە ئەوەی دیكەش لەو چەند رۆژەدا یەكلا دەكرێتەوە”.
كۆبوونەوەی سێقۆڵی
مەحموود محەمەد، لە لێدوانە تایبەتەكەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، ئاشكرای كرد، كۆبوونەوەی سێقۆڵی كاتی خۆی بڕیار بوو ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی كارنامەی كابینەكەی پێ بنووسرێ، بەڵام وەك خۆی ڕاشكاوانە باسی لێوە كرد، ئەوكات یەكێتی نەهاتە پێش بۆ ئەو بابەتە، بەڵام ئێستا پێویست دەكات كارنامەیەك بنووسرێ و ئەو كارنامەیە تەعبیر لە بۆچوونی هەرسێ لایەنی پێكهێنەری كابینەكە بكات.
لەبارەی ئەنجامدانی كۆبوونەوە سێقۆڵییەكەش لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕاندا، مەحموود محەمەد گوتی، كۆبوونەوەی سێقۆڵی بۆ نووسینەوەی بەرنامەی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەبێت، ناوبراو دەشڵێت: “پێشتر لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی سیاسیمان بەستووە، ئەو رێككەوتنەی ئێستاش دەكرێت، رێككەوتنە لەسەر پۆستەكان”.