دەنگێكی نامۆ لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەبیسترێت

دانیشتوانی ناوچەیەكی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، ماوەیەکە دەنگێكی سەرسوڕهێنەرو نامۆ دەبیستن كە لەژێر زەوی ناوچەكەوە دێت، هاوکاتیش سەلام ئەمینی نوێنەری پارێگای ئیلام لە پەرلەمانی ئێران داوای لە حکوومەت کردووە، بە پەلە لەبارەی ئەو دیاردە نامۆیە لێکوڵینەوە بکات کە ترس و دڵەراوەکێ لای خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.

ماوەیەکە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێک لە ماڵپەڕەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قسە لەسەر بینینی مادە و تیشكی سەیروسەمەرە لە ئاسمان و بیسیتنی دەنگی نامۆ دەكرێت.

وەک دانیشتووانی ئەو ناوچانە باسی لێوە دەكەن، دەنگەكە دەنگێكی نامۆ بووەو بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی سەراولەی ئیلام بۆ چەند جارێک گوێیان لێبووە.

بەگوێرەی قسەی شاهێدحاڵەکان هەندێکجار لە ئاسمانەوە دێت کە لە دەنگی ئاژەڵەوە نزیکە و هەندێک جاریش لە ژێر زەوییەوە هاتووە کە لە دەنگی تەقینەوە نزیکە. بەڵام سەرەڕای بەڵێنەکانی وەزارەاتی ناوخۆی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە، تا ئێستا ئەو دەنگە نامۆیە، هۆکارەکی بە نادیاری ماوەتەوە.

ئەو بابەتە تەنانەت گەیشتە پەرلەمانی ئێران و سەلام ئەمینی نوێنەری شارەکە داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە بە پەلە لەبارەی ئەو دەنگە نامۆیە لێکۆڵینەوە بکات. ئەو دەڵێت “پاش بوومەلەزەکانی دووساڵی رابردوو، ئەو دەنگە نامۆیە لە زۆربەی ناوچەكانی ئێران دەبیسترێت”.

بەپێی شرۆڤەی ناسا هۆكاری دەنگەكە بۆ بەریەككەوتنی هەور و بە یەكگەیشتنی شەپۆلە موگناتیسییەكانی زەوی و خۆر دەگەڕێتەوە.

لە دوو ساڵی رابردوودا بە هەزاران بوومەلەرزە و ئەم دوایەش لافاو لە ئێران و ناوچەكە تۆمار كراون كە ئەگەر لە لایەک دیاردەیەكی سرووشتی بن، ئەوا لە لایەكی دیكە هاوکات هەبوونی ئەو تیشک و دەنگە نامۆیانە گومانی جیاوازیان هێناوەتە كایەوە.

Back to top button