رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی: ئەمریكا لە داهاتوو پشتگیری زیاتری كورد و یۆنان و ئیسرائیل دەكات, بۆیە دەبێت كورد بگەیێندرێتەوە دەریای ناوەڕاست
ئیسرائیڵ و گەلەكەی هەەمیشە وەك هاوكاری دیاری دۆزی رەوای گەلی كورد دەردەكەون, لە میدیاكانیان هەمیشە تەكەز لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە دەبێت جیهان و ئیسرائیل و ئەمریكا پاڵپشتی كورد بكەن, توێژەر و شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاشكرای كرد كە لە كۆتاییدا دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كورد بگەیەنێتە دەریای ناوەڕاست.
دیمیتری شوفۆتینسكی، توێژەر و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لە نوێترین وتاری خۆیدا كە لە سەر ماڵپەڕی سەنتەری ئیسرائیلی (Besa) بۆ توێژینەوەی ستراتیژی بڵاوی كردووەتەوە، پێی وایە كە توركیا و ئێران خەریكن ئاییندەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەخەنە مەترسییەوە و ئەمریكاش، كە بەرژەوەندییەكی درێژخایەنی لەم ناوچەیە ھەیە، پێویستە ئەمجارە دەستەودامێنی كورد، ئیسرائیل و یۆنان بێت بۆ ڕزگاركردنی ڕۆژھەڵاتی ناوڕاست.
وتارەكە بە تێروتەسەلی باس لەوە دەكات كە توركیا خەریكە لە ئەمریكا و سەرجەم ھاوپەیمانەكانی خۆی لە ناتۆ دوور دەكەوێتەوە و پەیوەندییەكی زۆر نزیك لەگەڵ ڕووسیا و ئێران دادەڕێژێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل كە ھێڵی سووری ئەمریكایە لە ڕۆژھەڵاتی ناوڕاست، لە ئاستێكی زۆر نزم دایە.
نووسەری بابەتەكە پێی وایە كە ئەمریكا، ئێستا لە ھەموو كات زیاتر پێویستی بە كوردە بۆ ئەوەی لە ستراتیژییەتێكی نوێدا و بە ھاوكاری لەگەڵ ئیسرائیل و یۆنان، بەر بە مەترسییەكانی توركیا و ئێران بۆ پەلھاوێشتن بۆ وڵاتانی دیكەی ناوچەكە بگرێت. بە زمانێكی سادەتر، دوای ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران، كۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا و زیاتر لە ھەمووكات چاوەڕێ دەكرێت ئیسرائیل و ھێزەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بكاتە ئامانج. توركیا، لە لایەكی دیكەوە، پێگەی خۆی لە سووریا بەھێز دەكات و ھەژموونی لە عێراق زیاد دەكات و پلانێكیشی بۆ لكاندنی قوبرس بەو كۆمارەوە ھەیە كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پرەنسیپەكانی كۆماری سێكولار دوور دەكەوێتەوە. ھەموو ئەمانە مەترسین بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل و ھاوپەیمانەكانییان لە ئەورووپا.
بە بڕوای نووسەری بابەتەكە، ئەمریكا دەكرێ پلانێكی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم ئاڵۆزییە ھەبێت، ئەویش لێك نزیككردنەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی كوردستان و كوردستانی سووریا (ڕۆژئاوا) و جێگیركردنی ھێزی سەربازیی زیاتر و قەڵغانی دژە مووشەكی و مووشەكی پاتریۆتی ئەمریكی و مووشەكی زەوی-بە-ئاسمانی (Davids Sling) و چەندین سیستەمی دیكەی بەرگری لە سنوورەكانی كوردستان دابنێت، ئەوەش بۆ ئەگەری ھەر جۆرە ھێرشێك كە سوپای پاسدارانی ئێران و یان توركیا بۆ سەر ئیسرائیل یان بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بیكەن.
بەپێی نووسینەكە، بابەتی سەربازی و ئەمنی تەنھا بەشێكن لە كێشەكان و بەشێكی دیكەی ھاوكێشەكە پەیوەستە بە بابەتی نەوت. ئێران كە یەكێك لە گەورە ھەناردەكارانی نەوتە بۆ وڵاتانی جیھان، ئێستا كەوتووەتە ژێر گەمارۆیەكی سەختی ئەمریكا و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەیەكی كەمتری نەوت ھەناردە دەكات. توركیا، كە لە كۆنەوە نانی پێگە جیۆپۆلەتیكییە ناوازەكەی دەخوات، تا ئەمڕۆژ تڕانزێتێكی سەرەكییە بۆ بۆڕییە نەوتییەكان لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بۆ ئەورووپا.
نووسەری بابەتەكە پێی وایە كە دەبێت كورد بە دەریای ناوەڕاست بگەیەندرێت، ئەویش بە نزیككردنەوەی ھەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان لە یەكتری، ئەمریكا دەتوانێت نەوتی كوردستان بە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بگەیەنێتە یۆنان و بازاڕە جیھانییەكان. ئەوە لە كاتێكدایە كە ئیسرائیلیش دەتوانێت دەست بە ھەناردەكردنی نەوتی بەرزاییەكانی جۆلان و ناوچەكانی دیكەی بكات و ئەم چەند لایەنە بەیەكەوە قەرەبووی كوورتھێنانی نەوت لە بازاڕی جیھانی بكەنەوە، بێ ئەوەی پێویستییان بە ئێران بێت بۆ ھەناردەكردن و بێ ئەوەیش پێوستییان بە توركیا بێت بۆ كردنەوەی ڕاگوزەرێك بۆ نەوتەكە.