سەرنجێکی یاسایی و دەستوری دەربارەی هەڕەشەکانی باندەکەی شاسوار دژ بە پەرلەمانتار شادی نەوزاد

 

هەڵوێست میرانی

پەرلەمانتاری نەوەی نوێ شادی نەوزاد لە پرێس کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی حزبەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی دەستی بۆ ژیانی تایبەتی بردووە , بە پێی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە بێ ژیانی تایبەتی ئەو کچ و ژنانەی لە ڕیزی نەوەی نوێن بە ئامانج گیراوە و لە ڕێگای کامێرای نهێنیەوە چەند گرتەیەکی نەشیاو ( ڕووت) تۆمار کراون و لە ڕێگای نامەی مۆبایلەوە هەڕەشەی بڵاو کردنەوەی گرتەکان کراوە.
پەرلەمانتاری ناوبراو مەترسی ژیانی ئەو کچ و ژنە تازە پێگەیشتوانەی خستە ڕوو کە ڕوو دەکەنە ئۆفیسەکانی نەوەی نوێ بە مەبەستی پێگەیاندنی خۆیان و بەشداریان لە کایەی سیاسی و گوتی دەبێ چۆن مامەلەیان لەگەڵ کرابێ ..!
ئەو یاریە قێزەون و ترسناکەی شاسوار عەبدولواحید و باندەکەی دەستیان داوەتێ دژ بە نەیارەکانی لە ناو حزبەکەی پێشێلکاریەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە , وە دژ بە ناوەڕۆکی دەستوری هەمیشەیی عێراق و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە لە هەرێمی کوردستان .

بە پێویستم زانی کورتە سەرنجێکی یاسایی دەربارەی ئەو پرسەی ڕۆژ بۆخوینەران بخەمە ڕوو.
١- یاسای ژمارە (٦) ی ساڵی ٢٠٠٨ ,یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە لە هەرێمی کوردستان .
لە ماددەی دووی یاساکە هاتووە :هەرکەسێک ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی ( موبایل ) یان ئامێرێکی پەیوەندی کردنی تەلدار یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن, یان تۆمەت هەڵبەستن ( قژف ) یان جنێودان, یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا کە ترس پەیدا دەکات, یان دزەی بە گفتوگۆ کردن کرد, یان وێنەی چەسپاو یان جووڵاو یان کورتە نامەی بڵاو کردەوە کە لەگەڵ خۆرەوشتی گشتیدا ناگونجێ, یان بەبێ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت, یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات یان هانی ئەنجام دانی تاوان یان کاری بەدرەوشتی یان بڵاو کردنەوەی زانیاری پەیویست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە کە بەهەر رێگایەک بێت چەنگی کەوتبێت هەتا ئەگەر راستیش بن ، ئەگەر بە هۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سوکایەتی یان زیانیان پێ بگەیەنێت ، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت ) حبس ( کە لە ( 6 ) مانگ کەمتر نەبێت و لە ( 5 ) ساڵیش زیاتر نەبێت وە بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە (1000000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5000000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت .

لە ماددەی پێنجەمدا هاتووە :ئەنجامدانی یەکێک لەو تاوانانەی کە لە ماددەکانی ( دووەم و سێیەم ) دا هاتوون بە بارێکی توندکراو بۆ مەبەستی حوکمەکانی ئەم یاسایە دادەنرێت ئەگەر ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات سەر بە هێزە چەکدارەکان یاخود لە هێزەکانی ئاساییشی ناوەخۆ بێت یاخود ئەو کەسەی سیفەتە فەرمییەکەی بەکاردێنێت یان ئەوەی ئاگاداری نهێنی کەسەکان یان خێزانی کەسەکان بێ بە حوکمی کارەکەی یاخود پیشەکەی و هەرکەسێکی ئامێری پەیوەندی غەیری خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی لەو کردەوانەی ناوبراون.

تۆمار کردنی وێنەی جوڵاوی (ڤیدیۆ) ی ئەندامانی حزبەکەی و خێزانەکانیان و هەڕەشەی بڵاو کردنەوەیان لە لایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە بێ مۆڵەت وەرگرتن بووە و بە شێوەیەکی نهێنێ گرتەکان تۆمار کراون , مەبەست لە تۆمار کردنی ئەم گرتانە و هەڕەشەی بڵاو کردنەوەیان بریندار کردنی شەرەفیانە و دەستبردنە بۆ ژیانی تایبەتی کەسەکان, وە سوکایەتی پێکردنیان و شکاندنی کەسایەتیانە , ئەمانەش لەگەڵ خوڕەوشتی گشتی ناگونجێن ,بۆیە بە پێی ماددەی دووەمی یاسای ژمارە ٦ ئەنجامدانی ئەو کردەوانە تاوانن .
بە پێی ماددەی پێنجەم تاوانبار بارێکی توند کراو وەردەگرێ ئەویش بەکارهێنانی سیفەتە فەرمیەکەیەتی کە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ یە .

ئەم هەڵسوکەوتانەی شاسوار و باندەکەی دژ بە ناوەڕۆکی دەستوری هەمیشەیی عێراقە لە بەشی ماف و ئازادیەکان لە ماددەی ١٥ دا هاتووە ( هەموو تاکێک مافی ژیان و ئاسایش و ئازادی هەیە و نابێت لێی بێ بەش بێت یان سنور دار بکرێت , تەنها بە پێی یاسا و بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای تایبەتمەندەوە نەبێت )
تۆمارکردنی جوڵەی نهێنی تاکەکان بێ مۆڵەت بە تایبەت ئەو کاتانەی ڕووتن پێشێلکردنی ئازادی تاکە و گەلی جار بڵاو کردنەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانە دەبێتە هۆی لیسەندنەوەی ژیانیان و لە لایەن کەسە نزیکەکانیانەوە دەکوژرێن یاخود بە هۆی لۆمەی کۆمەڵگاوە خۆی دەکوژێن .

لە ماددەی (١٧) ی دەستور بڕگەی یەک هاتووە ( هەر تاکێک مافی پاراستنی تایبەتمەندی کەسێتی خۆی هەیە بە وشێوەیەی کە ناتەبا نەبێت لەگەڵ مافی کەسانی دیکە و ئادابی گشتی )
لێرەدا پێشێلی بڕگەی یەکەمی ئەم ماددەیەش کراوە کە دەستبردنە بۆ تایبەتمەندی کەسایەتی تاکەکەکان .

بە پیویستی دەزانم ئەوەش بڵێم ماددەی حەڤدەهەمی یاسای ئەحزاب لە هەرێمی کوردستان تەحریمی ئەو کردەوانە دەکات کە شاسوار و بەشێک لە دەستڕۆیشتوانی حزبەکەی دژ بە دەنگە نارەزاییەکانی ناو جولانەوەکە ئەنجامی دەدەن , بە پێی ئەو ماددەیە بە هۆی سەرپێچیەکانی ئەو حزبە بە بڕیارێکی دادوەری یاخود بەرزکردنەوەی داوایەک لە لایەن وەزارەتی ناوەخۆوە جولانەوەکە مۆڵەتی ڕەسمی لێ وەردەگیرێتەوە و هەڵدەوەشێنرێتەوە .

گرینگە ئەوەش بڵێم لە حالەتی سەلماندنی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە بە پێی ئەو بڕگانە ڕێکارە یاساییەکان دەگیرێنە بەر ، تا ئەو کاتە (المتهم بری‌و حتی تپبت إدانته ) شاسوار و دەست و پێوەندەکەشی دەگرێتەوە.

Back to top button