سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا دۆخی سیاسی و ئه‌منیی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، ڕه‌وشی ئاواره‌كانی ده‌ستی تیرۆر و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مه‌ریكاى تاوتوێ كرد.

شانده‌كه‌ پشتگیریى خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و نه‌به‌ردیی حكوومه‌تی هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و حه‌واندنه‌وه‌ و پاراستنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها دۆستایه‌تیی ئه‌مه‌ریكایان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى جه‌ختی له‌ خواستى هه‌رێمی كوردستان بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها سوپاسی هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی داعشدا كرد و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسییه‌كی تیرۆر نیشان دا، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی هه‌ولێر و به‌غدا و هاوپه‌یمانانی به‌پێویست زانی .

نێچیرڤان بارزانی پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى دۆخی ئابووریی هه‌رێم و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كانی ساڵانی ڕابردوو پێشكه‌ش كرد و داوای له‌ وڵاتانی دۆست كرد سه‌رمایه‌گوزاری له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێم بن له‌و ڕیفۆرمانه‌ی له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا ده‌ستیپێكردووه‌.

تاوتوێكردنى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی داعش، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان، په‌یوه‌ندی و گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

Back to top button