شارەزایەکی نێودەوڵەتی: ئەمریکا ئێستا لە ھەموو کات زیاتر پێویستی بە کوردە

توێژەر و شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای کرد کە لە کۆتاییدا دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کورد بگەیەنێتە دەریای ناوەڕاست.

دیمیتری شوفۆتینسکی، توێژەرو شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە نوێترین وتاری خۆیدا کە لە سەر ماڵپەڕی سەنتەری ئیسرائیلی (Besa) بۆ توێژینەوەی ستراتیژی بڵاوی کردووەتەوە، پێی وایە کە تورکیا و ئێران خەریکن ئاییندەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەخەنە مەترسییەوە و ئەمریکاش، کە بەرژەوەندییەکی درێژخایەنی لەم ناوچەیە ھەیە، پێویستە ئەمجارە دەستەودامێنی کورد، ئیسرائیل و یۆنان بێت بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژھەڵاتی ناوڕاست.

وتارەکە بە تێروتەسەلی باس لەوە دەکات کە تورکیا خەریکە لە ئەمریکا و سەرجەم ھاوپەیمانەکانی خۆی لە ناتۆ دوور دەکەوێتەوە و پەیوەندییەکی زۆر نزیک لەگەڵ ڕووسیا و ئێران دادەڕێژێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل کە ھێڵی سووری ئەمریکایە لە ڕۆژھەڵاتی ناوڕاست، لە ئاستێکی زۆر نزم دایە.

نووسەری بابەتەکە پێی وایە کە ئەمریکا، ئێستا لە ھەموو کات زیاتر پێویستی بە کوردە بۆ ئەوەی لە ستراتیژییەتێکی نوێدا و بە ھاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و یۆنان، بەر بە مەترسییەکانی تورکیا و ئێران بۆ پەلھاوێشتن بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بگرێت. بە زمانێکی سادەتر، دوای ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا و زیاتر لە ھەمووکات چاوەڕێ دەکرێت ئیسرائیل و ھێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئامانج.

تورکیا، لە لایەکی دیکەوە، پێگەی خۆی لە سووریا بەھێز دەکات و ھەژموونی لە عێراق زیاد دەکات و پلانێکیشی بۆ لکاندنی قوبرس بەو کۆمارەوە ھەیە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پرەنسیپەکانی کۆماری سێکولار دوور دەکەوێتەوە. ھەموو ئەمانە مەترسین بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و ھاوپەیمانەکانییان لە ئەورووپا.

بە بڕوای نووسەری بابەتەکە، ئەمریکا دەکرێ پلانێکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ئاڵۆزییە ھەبێت، ئەویش لێک نزیککردنەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا (ڕۆژئاوا) و جێگیرکردنی ھێزی سەربازیی زیاتر و قەڵغانی دژە مووشەکی و مووشەکی پاتریۆتی ئەمریکی و مووشەکی زەوی-بە-ئاسمانی (David‌s Sling) و چەندین سیستەمی دیکەی بەرگری لە سنوورەکانی کوردستان دابنێت، ئەوەش بۆ ئەگەری ھەر جۆرە ھێرشێک کە سوپای پاسدارانی ئێران و یان تورکیا بۆ سەر ئیسرائیل یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بیکەن.

بەپێی نووسینەکە، بابەتی سەربازی و ئەمنی تەنھا بەشێکن لە کێشەکان و بەشێکی دیکەی ھاوکێشەکە پەیوەستە بە بابەتی نەوت. ئێران کە یەکێک لە گەورە ھەناردەکارانی نەوتە بۆ وڵاتانی جیھان، ئێستا کەوتووەتە ژێر گەمارۆیەکی سەختی ئەمریکا و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەیەکی کەمتری نەوت ھەناردە دەکات. تورکیا، کە لە کۆنەوە نانی پێگە جیۆپۆلەتیکییە ناوازەکەی دەخوات، تا ئەمڕۆژ تڕانزێتێکی سەرەکییە بۆ بۆڕییە نەوتییەکان لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بۆ ئەورووپا.

نووسەری بابەتەکە پێی وایە کە دەبێت کورد بە دەریای ناوەڕاست بگەیەندرێت، ئەویش بە نزیککردنەوەی ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان لە یەکتری، ئەمریکا دەتوانێت نەوتی کوردستان بە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بگەیەنێتە یۆنان و بازاڕە جیھانییەکان. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیلیش دەتوانێت دەست بە ھەناردەکردنی نەوتی بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچەکانی دیکەی بکات و ئەم چەند لایەنە بەیەکەوە قەرەبووی کوورتھێنانی نەوت لە بازاڕی جیھانی بکەنەوە، بێ ئەوەی پێویستییان بە ئێران بێت بۆ ھەناردەکردن و بێ ئەوەیش پێوستییان بە تورکیا بێت بۆ کردنەوەی ڕاگوزەرێک بۆ نەوتەکە.

سه‌رچاوه‌: باس

Back to top button