دەستەى دەستپاکى بانگهێشتى پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

دواى پێشکەشکردنى راپۆرتى ساڵانەى لەمیانەى وۆرک شۆپێکدا، دەستەى دەستپاکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دووچارى چەندین تێبینى و رەخنە دەبێتەوە و جێگرى سەرۆکى لێژنەى دەستپاکى پەرلەمانى کوردستانیش دەڵێ “ئێمە راپۆرتەکە بە لاواز و ناتەواو دەزانین بۆیە بانگهێشتى پەرلەمانیان دەکەین”.

سەعید هەرکى جێگرى سەرۆکى لێژنەى دەستپاکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند: ” دواى دیراسەکردنى راپۆرتى ساڵانەى دەستەى دەستپاکى ئێمە تێبینى زۆرمان لەسەرى هەیە و بەراپۆرتێکى ناتەواو و لاوازى دەزانین، چونکە گرنگترین بەش کە بەشى (خۆپاراستن و شەفافیەتە) لەراپۆرتى دەستەکەدا فەرامۆش کراوە، جگەلەوەش ئەرکێکى دیکەى دەستەکە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنى سیڤى ئەوکەسانەیە کە دەیانەوێت پلەیەکى باڵا وەربگرن لەحکوومەتدا، کەمەش لەراپۆرتەکەدا بەهیچ جۆرێک ئاماژەى پێنەدراوە”.

ڕاشیگەیاند: “راپۆرتى دەستەکە ئاماژە بە ئەوە دەکات لە هەولێر (274) ملیار دینار بەهەدەر دراوە بەڵام لە سلێمانى (22) ملیار، ئەمە لەکاتێکدایە کە گەندەڵییەکى زۆر لە پرۆژەکانى پارێزگاى سلێمانیدا هەیە بەڵام ئاماژەى پێنەدراوە، کە رەنگە ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە دەستەکە لەپارێزگاکانى تر هاریکارى ناکرێت و بەربەستى بۆ دروست دەکرێت”.

Back to top button