له‌ هه‌فته‌یه‌كدا دووه‌م به‌رپرسی ئه‌منی كورد له‌ كه‌ركووك له‌ پۆسته‌كه‌ی لابرا

بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان کە، ئەفسەرێکی کوردە، بە بڕیارێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەفسەرێکی عەرەب بەناوی، عەمید رافد تاڵب، کە خەڵکی بەغدایە، لە شوێنەکەی دانرا.

عەمید محەممەد تاهیر، بەڕێوەبەری لە کارلابراوی پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان بۆ کوردستان24 هۆکاری دوورخستنەوەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: پێشتر بەڕێوبەری پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک بووم، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەم لە سەر پێکهێنرا، بەهۆکاری ئەوەی، ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بەرامبەر راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییه‌ك، دووسەد دۆلاری وەکو بەرتیل وەرگرتبوو، به‌و هۆیه‌وه‌ سزای ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌مان دا و دوورمان خستنه‌وه‌.

گوتیشی: ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ چووه‌ته‌ به‌غدا و چەندین تۆمەتی ناڕەوا و ناڕاستی بۆ هەڵبەستبووم. یەکێک لەوانە داگرتنی ئاڵای عێراق و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بوو.

هه‌روه‌ها گوتی: ئەگەر چی سکاڵاکە لەوکاتەدا هیچ ئەنجامێکی نەبوو، بەڵام ئێستا جارێکیدیکە بە هەمان بیانوو، نووسراویان بۆ دوورخستنەوەم کردووە.

ئەو ئەفسەرە کوردە، لە پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. بڕیارەکە بە ناڕەوا دەزانێت و دەڵێت: لە هەفتەیەکدا بەمنەوە ئەمە دووەم بەرپرسی ئەمنی کوردە لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە. ئەویتریان بەڕێوەبەری کارووباری ناوخۆ بوو.

عەمید محەممەد تاهیر ئەوەشی وت: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە پۆستەکەم بمێنمەوە. بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەرانی کورد لە بەغدا و سەرۆک کۆمار ئاگادار کراونەتەوە. له‌ هه‌وڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکە.

ئاشكراشیكرد، ئه‌مڕۆ ده‌چمه‌ به‌غدا بۆ ئەوەی ئەستۆپاکی خۆم بسەلمێنم و سەرجەم بەڵگەکانم لایە سەبارەت بەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵم. کە ئەو دۆسیەیە لە 2014ەوە داخراوە.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، بڕیارەکە سیاسییە و لە دژی کوردە.

لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەرەوە، بە پێی ئامارەکان زیاتر لە پەنجا بەرپرس و بەڕێوبەری داموو دەزگاکان و سەرۆک بەشەکان کە پشکی کورد بوون دراونەتە عەرەب و توورکمان. زۆرترینی پۆستەکانیش راکان جبووری لێی سوود مەند بووە و داویەتی بە خزم و کەسوكارە نزیکەکانی خۆی.

Back to top button