شادیە نەوزاد نوێترین زانیاری لەبارەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ئاشکرا دەکا

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، نوێترین زانیاری لەبارەی هەڕەشەکانی سەرۆکی حزبەکەی لەبارەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڕووتی ڤیدیۆیی ئاشکرا کرد.

شادیە نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕاگەیاند: ”ئەوەی بەلای منەوە گرنگە شتەکان بە ڕێکاری یاسایی خۆی بڕوات، ئێستا بابەتەکەم دادگا یەکلایی دەکاتەوە و ھەر دادگاش دەزانێت کێ تێوەگلاوە و لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن“.

پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ لەبارەی ئەوەی کە گومانی لە بنەماڵەی شاسوار عەبدولواحید بێت کە تێوەگلا بن، گوتی: ”قسە لەسەر ئەو بابەتە ناکەم، بۆ ڕێزگرتن لە کارەکانی دادگا تا لێکۆڵینەوەکانی بکات، بۆیە پێم باش نییە تا لێکۆڵینەوەکان کۆتایی پێ نەیەت، ھیچ شتێک لەسەر ئەوە ناڵێم“.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٩، شادیە نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ ئاشکرای کرد کە شاسوار عەبدولواحید و “باندەکەی” ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ڕووتیان لێی کردووە و کامێرای نھێنیشیان لە کابینەکانی چاڤیلاند داناوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی نیسان، دەستگیرکردنی سکرتێرەکەی شاسوار عەبدولواحید ڕاگەیاندرا. ئەمڕۆش دادوەر عومەر ئەحمەد، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی دادگای تێھەڵچوونەوەی سلێمانی بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد، ‌داواکاری گشتیی سلێمانی و پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی (نەوەی نوێ) سکاڵایان تۆمار کردووە لەسەر خاوەنی ئەو ژمارەیەی کە ھەڕەشەی لەپەرلەمانتارەکە کردووە و ”ئێستاش خاوەنی ئەو ژمارەیە دەستگیر کراوە“.

Back to top button